خەڵك- بەشی هەواڵ
دوولە ئەندامانی پەڕلەمانی كوردستان سەردانی ئەو شوێنەیان كرد، كە دوێنێ لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردومانكرا و زیاتر لە ٢٥٠ سەر مەڕ و بزن لەناوچوون ، ئەو پەڕلەمانتارانە داوا دەكەن ، سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم هەڵوێستیان هەبێت.
لوقمان وەردی و زكری زێباری، دوو ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان دوای ڕۆژێك لە بۆردومانەكەی گوندی ئازادی دەڤەری باڵەكایەتی سەر بە شارۆچكەی چۆمان بۆ بەدواداچوون و زیانەكانی بۆردومانەكە شوێنی بۆردومانەكەیان بەسەركردەوە.
لەو سەردانەیاندا باسیان لەوە كردووە، كە توركیا لە هێرشەكانیدا ئامانجی پەكەكە نیە، بەڵكو ئامانجی لەناوبردنی كوردە و دەیەوێت بە بیانووی پەكەكە هەموو كوردستان داگیربكات.
داواشدەكەن، كە هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم هاوشێوەی عێراق هەڵوێستێكی جددیان هەبێت و چیتر هەڵوێستەكانیان لە چوارچێوەی بەیاننامە نەبێت، بەڵكو هەڵوێستی كرداری بنوێنن لە دژی لەشكركێشی توركیا.