سەردێر

پلەكانی گەرما لە هەرێم بەرزدەبنەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، لە شەپۆلی سەرما و ڕەشەبا لە ناوچەكانی هەرێم كۆتایی دێت و پلەكانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكەن و تا كۆتایی هەفتە بەردەوام دەبن.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجامی ھاتنی كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆیەك لە ئەوروپاوە ئاسمانی ناوچەكەش ئەگۆڕێت بۆ ساماڵ و ئەو ڕەشەبا و سەرمایەی ناوچەكەمانی گرتبووەوە ئەمڕۆ كۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، پلەكانی گەرما لەشەوان و بەرەبەیاندا لە ئاستی سفر و ژێر سفری سیلیزیدا دەبن تا ڕۆژی یەك شەممە ٢٤/١، بەڵام دواتر پلەكانی گەرما ڕوو لەبەرزبوونەوە دەكەنەوە تاوەكو كۆتایی ھەفتە و كەش سەقامگیر ئەبێت.

وتیشی، “دوو شەپۆلی مامناوەندی بارانبارین لە ئارادا ھەیە، كە شەپۆلی یەكەم لە نێوان ٢٨/١ بۆ ٢/٢ دەبێت و شەپۆلی دووەم لە ماوەی نێوان ٥/٢ بۆ ٨/٢ دەبێت”.