سەردێر

ئانۆ جەوهەر: ئەمساڵ پڕۆژەیەكی نوێ‌ ڕادەگەیەنین

خەڵك – بەشی هەواڵ

دوای ڕاگرتنی پڕۆسەی دەرھێنانی كارتی زانیاری و لەزگەی ئۆتۆمبێلی تاكسی، لە ئێستادا پڕۆسەكە دەستی پێكردووەتەوە و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنیش دەڵێت، ھەر ئەمساڵ پڕۆژەی (ستی پاس) ڕادەیەگەنین.

ئانۆ جەوھەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەڕمی پارتی ڕاگەیاند: “پڕۆسەی پێدانی كارتی زانیاری و لێدانی لەزگە بۆ ئۆتۆمبێلەكانی تاكسی جێبەجێ دەكرێت، ئەوەش دوای وەستانی بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بەڵام لە ئێستادا پڕۆسەكە دەستی پێكردووەتەوە و ھەموو ئۆتۆمبێلێكی تەكسی پێویستە پابەند بێت بە دەرھێنانی كارتی زانیاریی ئۆتۆمبێلەكەی، لەگەڵ بەكارھێنانی لەزگەی تایبەت بە تاكسی”.

وەزیری گواستنەوە باسی لەوەشكردووە: “دوای كۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن، ماوەیەك دیاری دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆسەی پێدانی كارتی زانیاری و لەزگەی تاكسی، ھەر شۆفێرێكیش لەو ماوەیەدا پابەند نەبێت، ئەوا سزای بەدواوەیە، لەبەر ئەوەش داوا لە ھاووڵاتیان دەكەین ئەوانەی ئۆتۆمبێلی تاكسی بەكار دێنن، پابەندی بڕیاری حكوومەت بن”.

ئانۆ جەوھەر ڕوونیشی كردەوە: “پڕۆژەی (ستی پاس) لە پێداچوونەوەی كۆتاییدایە و ئەمساڵ ڕایدەگەیەنین، تا كۆمپانیاكانی وەبەرھێنان بێن بۆ ئەوەی كاری تێدا بكەن”.