سەردێر

وردەكاری ڕووداوی گیانلەدەستدانی گەنجەكەی سیتەك و ئەو كچەی لەگەڵی بوو

خەڵك- بەشی هەواڵ

بنەماڵەی ئەو گەنجەی لە 20ی ئەم مانگە بەهۆی كاریگەری غازی سۆپاوە لە سیتەك گیانی لەدەستدا و كچێكیشی لەگەڵ بوو، كە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و لەژێر چاودێری پزیشكیدایە ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكەنەوە و ڕایدەگەیەنن، ئەو كچە دەستگیرانی بووە و خەریكی ئامادەكاری بوون بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری.

بنەماڵەی ژیار بەرزان عەلی، ئەو كوڕە گەنجەی لەسیتەك گیانی لەدەستدا لە ڕوونكردنەوەیەكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە، ئاماژەی بەوەكردووە، “ئێوارەی چوار شەممە 20ی ئەم مانگە، بنەماڵەكەمان، گەنجێكی بە ویقار و دامەزراو و خۆشەویستی ھەمووانی لەدەستدا، كاكە ژیار بەرزان عەلی، بە ماڵئاوایی ھەتا ھەتایی كۆستێكی گەورەی لە دڵی ھەمووان دروستكرد، بەدەمەوە ھاتنی ئەو ھەموو خۆشەویستە ھەر لەیەكەم ساتی نەخۆشخانەوە تا دوا ساتی ئەسپەردەكردنی ئاھێكی بە دڵی ئێمەدا ھێنا، بۆ ئەمە ھەمیشە سوپاسگوزار و دەست لەسەر دڵین بۆ دڵسۆزی و وەفاتان”.

لە ڕوونكردنەوەكەدا بنەماڵی ژیاری كۆچكردوو دەڵێن: “بەداخەوە كۆستی كاكە ژیار كەوتە بەر شاڵاوی سۆشیال میدیا و میدیا نابەرپرسەكان بۆ كۆكردنەوەی (ڤییوو لایك و كۆمێنت) ھەر لەسەرەتای كۆستەكەوە بە گەرمی كەوتنە بڵاوكردنەوەی ھەواڵی ناراست لەسەر ڕوداوی گیان لەدەستدانی كاكە ژیار، لەوپەری بەرپرسیارێتیمان و وەك وەفایەكی بچووك بۆ ڕۆحی پاكی كاكە ژیار بەپێویستی دەزانین ڕاستی رووداوەكە بۆ ھەموولایەك بخەینە ڕوو، كاكە ژیار، وەك ھەر گەنجێكی تری ئەم دونیایە لە خەمی پێكەوە نانی خێزان و ئایندەی خۆی بووە، بەڵام چ خێزانێك و چۆن ئایندەیەك؟ بۆ ئەمە ھەمیشە ورد بیری دەكردەوە”.

ئاماژە بەوەشكراوە، سەرنجام بریاردەدات لەگەل خانمێكی بەرێز و خاوەن بنەماڵەی ئەم كوردستانە خێزان پێك بھێنێت ئەم بڕیارەشی ئێمە وەك كەسە نزیكەكان و خانەوادەی كاكە ژیار و خانەوادەی خانمە بەرێزەكە لێی ئاگاداربووین و لە چەندین ئاڵوگۆری باسوخۆاستی ھاوسەرگیریان ڕاوێژمان گۆڕیوەتەوە لەگەڵیان، دیداری چوار شەممەی ماڵئاوایش بەئاگاداری ھەردوو بنەماڵە بووە و دیداری دوو كەسی دەزگیرانداربووە ھەر بۆ قسەكردن بووە لەسەر پڕۆسەی ھاوسەرگیری و ئایندەی ژیانی پێكەوەییان، كە مخابن ژەھری (گاز) ھەناسەی ھەردووكیان دەخاتە مەترسییەوە و سەرەنجام ژیانی كاكە ژیارمان دەبات و نایدتەوە پێمان، بۆ ئەمە ئێمە ھیچمان لەدەست نایەت جگە لەوەی بە پەروەردگارمان بڵێن (ئیلاھی ھیخۆت بوو، خۆت برتەوە، بەھەشت ئارامگای بێت).

دەشڵێت: “ھەرلەگەڵ وەفاتی كاكە ژیار خانەوادەی خانمە بەرێزەكەش كۆست باربوون و چەندین جار ڕایانگەیاندووە كۆستی ژیان ئاوای ژیار بۆ ئەوان قورستره نەك بۆ خانەوادەی ژیار خۆی، زۆرینەی ئەندامانی خانەوادەی ئەو خانمەش بەشداری پرسەی كاكە ژیاربوون وەك پرسەی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ كردووە و بەئاشكرا ئەوانیش دەلێن، ئەوەی سۆشیالمیدیا بێرەحمانە بەكاكە ژیاری كرد كۆستی ھەردوولای گەورەتر كرد”.

هەر بەپێی ڕوونكردنەوەكە،، “ژیان و ئیمانی كاكە ژیار ھەموو ئەوانە شاھیدی بۆدەدەن ڕۆژێك لەڕۆژان ئەم كوڕەمانی ناسیوە پەلەقاژێ و كێبەڕكێی ناشەریفانەی سۆشیالمیدیا نایشێوێنێت، درود بۆ ڕۆحی پاكی كاكە ژیار، نزامان وایە لەگەڵ خۆشەویسانی مەجلیسی گەرمبێت و بەھەشت ئارامگای بێت”.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان