خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ١٠٦ حاڵەت پێشلكاری مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان تۆماركراوە ، كە ١٨ كۆڵبەر و كاسبكار لە سنوورەكانی كوردستان بوونەتە قوربانی كە ٧كەسیان گیانیان لە دەستداوە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لەماوەی مانگی ڕابردوودا ١٠٦ حاڵەت پێشلكاری مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان تۆماركراوە، كە ٥ هاووڵاتیی كورد لە بەندیخانەكانی سنە و یەزد لەسێدارە دراون، هەر پێنج كەسەكەش بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست ئەو حوكمەیان بە سەردا سەپا بوو.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە بەم شێوەیەیە :
كۆڵبەران ( ١٨ حاڵەت)
لەماوەی مانگی ڕابردوودا ١٨ كۆڵبەر و كاسبكار لە سنوورەكانی كوردستان بوونەتە قوربانی كە ٧كەسیان گیانیان لە دەست. كەسێكیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ و ٦ كەسیان بە هۆی ڕووداوی سرووشتی گیانیان لە دەست داوە.
هەروەها ١١ كۆڵبەر بریندار بوون كە ٨ حاڵەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە و سێ كەسیش بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێر بریندار بوون.
سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٧ حاڵەت)
لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لاینكەم ٥ هاووڵاتیی كورد لە بەندیخانەكانی سنە و یەزد لەسێدارە دراون. هەر پێنج كەسەكە بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست ئەو حوكمەیان بە سەردا سەپابوو.
هەروەها، لەو ماوەیەدا دوو بەندكراوی خەڵكی شاباد و هەرسین لە بەندیخانەی خوڕەمئاوا و كرماشان لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لە دەست داوە.
كوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (نەبووە)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هیچ حاڵەتێكی كوژران و برینداربوونی هاووڵاتیان بە هۆی تەقینەوەی مین یان تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران تۆمار نەكراوە.
دەستبەسەر كران و سەپاندنی حوكم (٧٨ حاڵەت)
بە پشتبەستن بە ئامارەكانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیكەم ٦٤ هاووڵاتیی كورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاكی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر كراون كە دوو كەسیان مێرمنداڵ بوون.
هەروەها، ١٤ هاووڵاتیی كورد بە تۆمەتی چالاكی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سەرجەم حوكمی ٤١ ساڵ و ٦ مانگ بەندكرانیان بە سەردا سەپاوە.
كرێكاری (٣ حاڵەت)
لەو ماوەیەدا لانیكەم ٣كرێكاری خەڵكی شارەكانی مەریوان و قوروە لە كاتی كار كردن و بە هۆی ڕووداوی كارەوە گیانی لە دەست داوە.