سەردێر

شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد

خەڵك-ئارام سەردار

بەمەبەستی گفتوگۆ لەسەر خەرجی و داهاتەكان لەگەڵ بەغداد بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێكی هەرێم بچنە بەغداد.

د. دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چاوەڕێ دەكرێت تا كۆتایی مانگی ٢ی ئەمساڵ سەرجەم ڕاپۆرتی وەزارەتەكانی هەرێم تایبەت بەداهات و خەرجی ئامادەبكرێن، لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١، دواتر دێتە ئەنجوومەنی وەزیران.

دەشڵێت، بەمەبەستی گفتوگۆ لەسەر خەرجی و داهاتەكان لەگەڵ بەغداد بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێكی هەرێم بچنە بەغداد، چونكە ئێستا هەرێم سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بوودجەیە و ئەگەر ئەو ڕێككەوتنەی نێوان هەولێر و بەغداد بگاتە ئەنجام، هەرێم دەبێتە خاوەنی سێ سەرچاوەی داهات بەداهاتی نەوتی و نانەوتی ناوخۆی هەرێم، شاندەكە دەچنە بەغداد بۆ پێداگیری لەسەر ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغداد كراوە و لە دیاری كردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ٢٠٢١ی عیراق.

ئەوەشی خستەڕوو، حكوومەت سەرقاڵی ئەوەیە داهات زیادبكات و خەرجی كەم بكاتەوە بە شێوەیەك بارگرانی لەسەر خەڵك نەكات، و چاكسازییەكانیش بەردەوام دەبن، لە هەموو كەرتەكان.