خەڵك- بەشی هەواڵ
لە بەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلی بەفربارین گەیشتە نێو شاری سلێمانی.
لە بەیانی ئەمڕۆوە لە گەڕەكەكانی باكوری شاری سلێمانی بەفربارین دەستیپێكردووە.
هاوكات لە ئێوارەی دوێنێوە لە چیاكانی گۆیژە و ئەزمڕ و بناری چیاكان بەفرێكی باش باریوە و شەوی رابردووی درەنگ بەشێك لە هاووڵاتیان روویان لەناوچەكە كرد بۆ كات بەسەربردن لە كاتی بەفر باریندا.
هاوكات بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) لە ناوچەی شارباژێڕ بەفری باش باریوە و ئەگەری هەیە ئاستەنگی هاتوچۆ لە هەندێك رێگای گوندەكان دروستببێت لە حاڵی بەردەوامی بەفرباریندا.
ماوەی دوو رۆژە شەپۆلی بەفربارین لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر دەستیپێكردووە و شەوی رابردووش پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەی گرتەوە.
هاوكات لە ناوچەكانی دیكەی پارێزگای كەركوك و گەرمیانیش باران بە رێژەی مام ناوەند باریوە.
بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا چاوەڕێدەكرێت ئەمڕۆ پێنج شەممە كەشوهەوا ئاسایی ببێتەوە و ئەو شەپۆلی بەفر و بارانە كۆتایی پێ بێت.
ئەم شەپۆلی بەفر و بارانە دوای ماوەی زیاتر لە 20 رۆژ نەبوونی باران بوو.