سەردێر

مەسرور بارزانی پەیامێكی دەربارەی مووچە ڕاگەیاند

"شاندێكی هەرێم دەچێتە بەغدا"

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و ڕایگەیاند، كە هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و دەشڵێت: “نابێت مووچە بكرێتە كارتێكی فشار”.

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە تویتەری خۆی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ كونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان كۆبوومەوە. لە كۆبوونەوەكەدا باسم لە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی كرد.

ڕاشیگەیاند، ئێمه‌ هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

دەشڵێت: “پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نابێت مووچە بكرێتە كارتێكی فشار لە دژی هەرێمی كوردستان و سیاسەتی برسیكردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەكاربهێنرێت”.

سەرۆك وەزیرانی هەرێم جەختیشی كردۆتەوە، به‌رده‌وامین له‌ كاره‌كانمان سه‌باره‌ت به‌ کارنامەی حکومەتی هەرێم بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی باجەکان و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ .

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی.

مەسرور بارزانی بۆ كونسوڵ و نێردەی وڵاتان وتیشی، “هەموو پابەندبوونەکانی خۆمان جێبەجێ کردووە بە ئاڕاستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت و هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن” .