سەردێر

هەرێم: سوورین لەسەر جێبەجێكردن و پاراستنی بنەماكانی دیموكراتییەت

خەڵك – بەشی هەواڵ

نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا وەڵامی ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت: حكومەتی هەرێم سوورە لەسەر جێبەجێكردن و پاراستنی بنەماكانی دیموكراتییەت.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

لە وەڵامی “ڕاپۆرتی جیهانی ٢٠٢١” ی ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ حكومەتی هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر جێبەجێكردن و پاراستنی بنەماكانی دیموكراتییەت

لە “راپۆرتی جیهانی ٢٠٢١” ی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ ئەو بەشەی لە راپۆرتەكە تەرخان كراوە بۆ عێراق، چەند تێبینییەك ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، تایبەتن بە ئازادی رادەربڕین، ئازادی هاتوچۆ و دادگاییكردنی مێردمنداڵانی داعش. لەمبارەیەوە نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئەم لێدوانەی خوارەوەی بڵاو كردەوە:

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ “راپۆرتی جیهانی ٢٠٢١” لە رێكەوتی ١٣/١/٢٠٢١ بڵاو كردەوە، لەم راپۆرتەدا ئاماژە بە تێڕوانینی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات سەبارەت بە دۆسیەی ئازادییەكان بەگشتی لە چەند وڵاتێك. لە راپۆرتەكەدا رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ چەند سەرنج و تێبینییەك ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكات، بە بڕوای ئێمە ئەم بەدواداچوونەی رێكخراوی ناوبراو لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دوای بڵاو بوونەوەی راپۆرتەكانی هیومان رایتس وۆچ داتاو زانیاری پێویستمان داوەتەوە.

سەبارەت بە بابەتی خۆپێشاندانی ئاشتیانە لە هەرێمی كوردستان هەروەك لە راپۆرتەكەدا ئاماژە پێكراوە، دیارە بەپێی یاسای رێكخستنی خۆپێشاندانەكان ژمارە ١١ ی ساڵی ٢٠١٠ كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی كارێكی یاسایی و دەستورییە. هاوڵاتیان رێگەیان پێدەدرێت بۆ دەربڕینی راوبۆچوونەكانیان و داواكارییەكانیان بەپێی یاسا و رێوشوێنەكان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و دوركەوتنەوە لە گێرەشێوێنی و توندوتیژی. هێزە ئەمنییەكان بەرپرسیارن لە پاراستنی موڵك و ماڵ و گیانی هاوڵاتیان و رێگا نەدەن بە ئاژاوە و گێرەشێوێنی. لەكاتی روودانی پێشێلكاری یاسایی وەك توندوتیژی یا بەردەوامی خۆپێشاندانەكان بۆ زیاتر لە ماوەی رێگە پێدراو ئەوا هێزە ئەمنییەكان بەپێی یاسا پێویست دەكات هەڵس و كەوت لەگەڵ خۆپێشاندانەكان بكەن بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان و سەروماڵیان، بەهەمان شیوەش یاسا رێگریی دەكات لە بەكار هێنانی توندوتیژی لە كاتی خۆپێشاندانەكان.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی یاسای رۆژنامەوانی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠١٧، لە هەرێمی كوردستان رۆژنامەوان تەنها بە فەرمانی دادگا دەستگیر دەكرێت بە ئاگاداری سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان. بەپێی ئەم یاسایەی سەرەوە هێزە ئەمنییەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا ناكەن، تەنها لەكاتی دەرچوونی بڕیاری دادوەر یاسا جێبەجێ دەكرێت و ئەو رێوشوێنانە دەگیرێنە بەر كە پێویستن بەپێی یاسا. بەڵام لە كاتی بڵاوكردنەوەی توندوتیژی و تێكدانی ماڵ و موڵكی گشتی، یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ جێبەجێ دەكرێت.

سەبارەت بە رەوشی ئافرەتان و منداڵە گیراوەكانی گیراوەكان تیرۆر، بارودۆخی گرتوخانەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە چاودێری دەكرێت وەك: رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاریكردنی عێراق (یۆنامی). منداڵانی داعش لە بنكەكانی چاكسازیدا وەك قوربانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك وەك تاوانبار، ئەو شوێنانەی لێی زیندانی كراون چاودێری پێویستی تێدایە، ئافرەتان و منداڵانی كە دەستگیر كراون بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیان بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە بنكەكانی چاكسازیدا ماوەی زیندانیكردنیان بەسەر دەبەن، حكومەتی هەرێمی كوردستان پارێزەری بۆ ئەو كەسانە دابین كردووە كە توانای داراییان نییە، هەروەها لەلایەن ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانیش چەند پارێزەرێك دەستنیشان كراوە بۆ بەدواداچوونی ئەم راگیراوانە، هەروەها بنكەی چاكسازی راگیراوانی ئافرەتان و منداڵان لە هەولێر بە هاوكاری لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵیداوە بۆ دەستەبەر كردنی پارێزەرانی خۆبەخش بۆ منداڵانی تۆمەتبار بە ئیرهاب.

لە كۆتاییدا رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ باس لەو ئاستەنگانە دەكات لە بەشێك لەو هاوڵاتیانەی كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن لە گەرانەوەیان بۆ ناوچە ئازادكراوەكانیان و گوایە ئازادی هاتووچۆكردنیان نییە. بەهۆی دزەكردنی داعش لە سوریا بۆ ناوچەكانی رەبیعە و زوممار لەماوەی رابردوودا و هەبوونی شانە نوستووەكانی داعش، كێشە بۆ گەڕانەوەی بەشێك لە خێزانەكان دروست بووە لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان. لەگەڵ ئەوەش هەماهەنگی بەردەوام هەیە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای موسل بۆ گێڕانەوەی ئەو ئاوارانەی كە نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانیان، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەرپەرشتی ئەم هەماهەنگییە دەكرێت. ئەو كەسانەی كە مەبەستیانە بگەڕینەوە بۆ ناوچەكانیان داواكاری پێشكێش دەكەن بۆ ئەو پارێزگایەی كە لێی میوانن داوای گەڕانەوە دەكەن بۆ شوێنەكانی خۆیان و دواتر داواكارییەكە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت بۆ دەربڕینی رەزامەندی لەسەری.

تائێستا بەشی هەرە زۆری ئەو خێزانانەی كە گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەكانیان هەست بە نائارامی دەكەن بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی و وێرانبوونی ناوچەكانیان لە كاتی رزگاركردنی موسل لە ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧، لە كۆبوونەوەی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای موسل لە مانگی دووی ساڵی ٢٠٢٠ ئەو مەترسیانە گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە كە پێویست دەكات بە تۆمار كردنی ئەو كەسانەی دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان، هەروەها پێویستە هەڵسەنگاندنی هاوبەش بۆ بارودۆخی ئەمنی بكرێت و هەماهەنگی هەبێت لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەم رووەوە.

نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان