خەڵك- بەشی هەواڵ
دوابەدوای بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی گشتاندنێك بۆ سەرجەم خوێندنگەكان دەكات و ڕێنماییی چۆنیەتی دەوام و ساڵنامەی تاقیكردنەوەكان ئاشكرادەكات.
بەپێی گشتاندنەكەی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی، كە تێیدا چەند فەرمانێكی وزاری هاوپێچ كراوە و وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، بڕیار دراوە دەوامی مامۆستایان لە 8:30ی بەیانی بۆ 12:30ی نیوەڕۆ و دەوامی دووەم لە 12:30 بۆ 4:40 خولەكی عەسر بێت، بەڵام مامۆستایان تەنها لەكاتی وتنەوەی وانەكان لە دەوام دەبن و پابەند ناكرێت بەردەوام لە دەوام بمێننەوە.
هەر بەپێی فەرمانە وزارییەكانی وەزارەتی پەروەردە، پێویستە مامۆستایان و خوێندكاران بە دەمامكەوە بچنە خوێندنگە و دەوام بكەن و پەروەردەكان ستافێك پێكدەهێنن بۆ سەردانی خوێندنگەكان و پەیڕەو كردنی ڕێنماییە خۆپارێزییەكان و دەڵێت: “بۆ هەموو خوێندنگەیەك ئامێری گەرمی پێو و پاككەرەوە دابین كراوە”.
سەبارەت بە پشووەكان بڕیاریش دراوە، “تەنها ڕۆژانی هەینی پشوو بێت لەگەڵ 3 ڕۆژی جەژنی نەورۆز و 3 ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان و سەرجەم ڕۆژەكانی دیكە دەوام دەبێت و سوود لە تەواوی پشووەكانی دیكە وەردەگیرێت بۆ خوێندن”.