سەردێر

مەسرور بارزانی و خلوسی ئاكار كۆبوونەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگری توركیا كۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال كردەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا كۆبوونەوە و لە دیدارەكەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا تاووتوێ كرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی و بەردەوامی پەیوەندی دۆستانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرایەوە. بەتایبەتی بەهێزكردنی هەماهەنگی و هاریكاری لەپێناو سەقامگیركردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە”.

ئاماژە بەوەشكراوە، جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێزە چەكدارەكان كرایەوە لەپێناو ئاساییكردنەوەی دۆخی دەڤەرەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانیان.