سەردێر

لە هەولێر سواڵكەرەكان دەستگیردەكرێن

خەڵك- بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر،ئاماژە بە دەستگیركردنی ژمارەیەك سواڵكەر دەكات لەشوێنە گشتییەكان و ترافك لایتەكانی نێو شارەكە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگەی هەولێرەوە بڵاوكرایەوە”بەشی پۆلیسی ڕێكاریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگەی هەولێر، لە درێژەی هەڵمەتی دەستگیركردنی سواڵكەرەكان لە ترافیكلایت و چوارڕیان و ناوبازاڕ و سەرشەقام و شوێنە گشتییەكان، ژمارەیەكی تر سواڵكەریان دەستگیر كرد كە پێكهاتبوون لە پیاو و ئافرەت و منداڵ و داوای هاوكارییان لە خەڵك دەكرد و ببوونە مایەی بێزاری بۆ هاووڵاتییان”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”سەرجەم سواڵكەرەكان بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە 390 لە یاسای سزادان و ڕاگیران”.

دیاردەی سواڵكردن لە شوێنە گشتییەكان و ترافك لایتەكانی سەر شەقامەكان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، بۆتە دیاردەیەكی ناشیرین و ناشارستانی، بۆیە ناوبەناو هێزەكانی پۆلیس بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، هەڵمەتی دەستگیركردن بۆ سواڵكەرەكان ئەنجام دەدەن.