سەردێر

ڤیدیۆ.. لە كەناڵێكی فەڕمی ئێران سوكایەتی بە جلی كوردی دەكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

بێژەری كەناڵی دوی تەلەفزیۆنی فەڕمیی ئێران لەبەرنامەیەكی ڕاستەوخۆدا، بەمیوانێكی بەرنامەكەی كە جلی كوردی لەبەردایە، دەڵێت “ئەم جلە شوانییە چییە لەبەرت كردووە؟!” دكتۆر فریبەرزی عەزیزی كە میوانی بەرنامەكەیە دەڵێت “ئەمە جل‌و بەرگی كاوەی ئاسنگەر و سمبولی ئازادییە لەچنگی زوڵم‌ و زۆرداریی”. ئەم گفتوگۆ ١٠ چركەیی‌و سوكایەتیكردنە بەجلی كوردییە چەندین كاردانەوەی جیاوازی لەئاستی ناوەندە سیاسیەكان‌ و میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتووەتەوە.

پانزە پەرلەمانتارانی كورد لەپەرلەمانی ئێران ڕۆژی دوشەممە ١٨ی كانونی دووەم، لەبارەی سوكایەتیكردن بەزمان و كولتور و جلوبەرگی كوردی كە لە میدیای فەڕمیی ئێران چەندین جار ڕووی داوە، ناڕەزاییان دەربڕی‌ و نامەیەكیان ئاڕاستەی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران كرد و تێیدا داوای ڕاگرتنی ئەو سوكایەتیانە دەكەن.

لە نامەكەیاندا پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی ئێران داوایان لە خامنەیی كردووە بێتە سەر خەت و “فەرمانێكی حەكیمانە” لەو بارەیەوە دەربكات بۆ ئەوەی كەس مافی ئەوە بە خۆی نەدات لە تەلەڤزیۆن و میدیای فەڕمییەوە بەو شێوەیە سوكایەتی بە گەلان و كولتور و زمان و جلوبەرگیان بكات.

پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی ئێران ئاماژەیان بەوە كردوو،ە پرسی سوكایەتیكردن بە كورد و كولتور و زمان و جلوبەرگی كوردی چەندین جار لە میدیا ئێرانییەكان ڕوویداوە و پێویستە ڕێبەری باڵای ئێران لەو بارەیەوە هەڵوێست وەربگرێت.