سەردێر

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان دەستی لەكاركێشایەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی خانەی ڕاپەڕاندن و وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی خانەی ڕاپەڕاندن ڕاگەیاند.

عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە تویتەری خۆی ڕایگەیاندووە، پێشتر لە ۱٤/۹/۲٠۲٠ دوای ساڵێك لەكاركردنم لەخانە، دەست لەكاركێشانەوەم پێشكەشی خانە و لە ۱/۱٠/۲٠۲٠ پێشكەشی جڤات كرد، بەڵام بەهۆی فشاری دڵسۆزان و هاوڕێیان و بەڵێنی هەندێ هەنگاو، ناچاركرام دان بەخۆمدا بگرم. لەئێستادا بۆ ئەوەی چیتر هۆكاری سەرئێشە بۆ خۆم و ئەوان نەبم، دوابڕیاری كۆتایی خۆم دا.

جەختیشی كردۆتەوە، ئاراستە و ئیدارەدانی بزوتنەوەکە گەیشتۆتە دۆخێک نەئەتوانم تیایدا بەشدار بم و نە توانای بەرگری لێکردنیم هەیە. هەر بۆیە بەناچاری و دڵێکی پڕ حەسرەتەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لەئەندامێتی خانە و وتەبێژی بزوتنەوەکە رائەگەیەنم.

عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە نامەیەكدا، كە ئاڕاستەی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی كردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ساڵێك لە كاركردنم لە خانەی ڕاپەڕاندن هەنگاوێكی گەورە نەنراوە و نانرێت و گۆڕان لە متبوونی ترسناكدایە و ئێستا جگە لە كاتبەڕێ كردن هیچ ئاسۆیەكی دیكە لە كاری خانە نابینم.

ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستاوە دەست لە ئەندامێتی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەكێشمەوە، چونمە مانەوەم هیچ سوودێكی بۆ بزووتنەوەكە و گۆڕانخوازان نییە.

بەپێی نامەی دەستلەكاركێشانەوەكە، هەرچەندە بەرواری ئەو دەستلەكاركێشانەوەیە كۆنە و بۆ مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ئێستا بە هەمان نامە دەستلەكاركێشانەوەی ڕاگەیاندووە.