سەردێر

پارتی: لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگەكانمان كەم ناكەن

خەڵك- بەشی هەواڵ

سبەی دوو شەممە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەبارەی پرسی دواخستنی ھەڵبژاردنەكانی كۆدەبنەوە و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: “پێشبینی دەكرێت ھەڵبژاردنەكان دوا بخرێن و ئێمەش وەك پارتی دەنگەكانمان كەم ناكەن”.

كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاندووە، “ھەرچەندە ئەگەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە كاتی خۆیدا، كە ناوەڕاستی ئەمساڵە بەڕێوە بچێت، ئێمە بەشداری دەكەین وەك پارتی و ئامادەكارییش كراوە بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین، بەڵام خۆم پێشبینی ئەوە دەكەم پڕۆسەكە لە كاتی خۆیدا بەڕێوە نەچێت و دوا بخرێت.”

وتیشی، “ھەرچەندە ھێشتا زووە بڕیار لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان بدەین، بەڵام وەك پارتی دیموكراتی كوردستان دڵنیاین لە دەنگدەری خۆمان و ئەگەر دەنگی پارتی زیاد نەكات لە ھەڵبژاردنی داھاتوو، ئەوە بێگومان كەم ناكات.”

كاكەمین نەجار ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای نوێی ھەڵبژاردن لە ڕووی جێبەجێكردنەوە گۆڕانكاری بەسەردا ھاتووە و ژمارەی بازنەكان زیاد كراون، ئەمەیش كاریگەری خۆی دەبێت لەسەر پڕۆسەكە، چونكە ڕێكارەكانی كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن ھەندێك زەحمەتن بۆ جێبەجێكردن.

بەپێی پێشبینییەكان، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عیراق بۆ سێ‌ مانگ دوادەخرێت و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، كە ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە لە وادەی خۆیدا.