سەردێر

پارتی: لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عیراق گەیشتینە لێكتێگەیشتن

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بەغدا ئەنجامی دیدار و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، كۆبوونەوەكان بەرهەمدار بوون و گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن و بڕوای هاوبەشی سیاسی سەبارەت بە كۆی گشتی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی پێشوەختە.

جەعفەر ئێمینكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی، كە چەند ڕۆژێكە لە بەغدان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویكردەوە، “لەمیانی دیدار و چاوپێكەوتنەكانمان لەم هەفتەیەدا وەكو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییە عیراقییەكان لە بەغدا گەیشتینە لێكتێگەییشتن و بڕوایەكی هاوبەشی سیاسی سەبارەت بە كۆی گشتی پرۆسەی سیاسی و بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێداویستییەكانی چاكسازیی ڕیشەیی”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، باسمان لەو پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ كرد، كە بەردەوام كۆسپ و تەگەرەی دێتە پێش و پێویستی پەلەكردن لە چارەسەركردنی ئەو كۆسپ و تەگەرانە لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتیمانی و پێداویستییەكانی سازان و پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی.

جەعفەر ئێمنیكی دەڵێت: “هەرێمی كوردستان لەوەتەی لە ساڵی 1992 و پێش بونیادنانەوەی عێراقی فیدراڵی دامەزراوە، هیچ ڕۆژێك درێغی نەكردووە لە جێبەجێكردنی ئەركی سەرشانی بەرامبەر بە حكوومەتی فیدراڵ، بەڵكو ڕۆڵێكی پێشەنگ و تەواوكەر و میحوەریی بینیوە لە بواری ئەمنی و سەربازی و مرۆیی و فریاگوزاری بۆ پاڵپشتیكردنی حكوومەتی فیدڕاڵ، چ لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان لە قاعیدەوە تا دەگاتە لەناوبردنی داعش، یاخود داڵدەدان و لەخۆگرتنی ملیۆنان پەنابەری هەڵاتوو لە دڕندەیی داعش و تیرۆریستان”.

ڕاشیگەیاندووە، هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورە و باشی لە بواری بونیادنانەوە و ئاوەدانیدا ناوە، كە ئەویش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی عێراق لەنێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەم چاوپێكەوتنانەدا جەخت كرایەوە لەسەر ئەوەی كە ئەم قۆناغە هەستیارە و ئەركی سەرشانی هەمووانە بەرپرسیارەتی مێژوویی بگرنە ئەستۆ و دوور بكەونەوە لە بابەت و پرسە لاوەكییەكان و ورووژاندنی ڕق و كینەی چینایەتی و لایەنگرایەتی، هەروەها وازهێنان لە هەڵمەتەكانی ڕقلێبوونەوە و شێواندن و ناشیرینكردنی بەرامبەر، كە زیان بە هەموولایەك دەگەیەنێت، بەڵكو دەبێ هەموو لایەك لەجیاتی ئەوە، بیر لە بەرژەوەندیی گشتی و پرسە نیشتیمانی و ستراتیژییەكان بكەنەوە، كە پێگەی عێراق لە نێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بەهێز دەكات.