سەردێر

وەزارەتی پەروەردە خشتەی دەسپێكردنەوەی خوێندنی ڕاگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بڕیارەكانی لیژنەی بالای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنای دەربارەی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بڵاوكردەوە.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە بۆ خوێندكارانی 12ی ئامادەیی لە هەفتەی داهاتوو 16-1-2021 خوێندن دەستپێدەكاتەوە و هەر خوێندكارێكیش بیەوێت لەماڵەوە بخوێنێت دەبێت فۆڕمێك پڕبكاتەوە، بەڵام تاقیكردنەوەكان لە خوێندنگە ئەنجام دەدات.

جەختیشی كردۆتەوە، كە بۆ قۆناغەكانی دیكەی خوێندن لە (1 بۆ 11) و پەیمانگاكان لە 1-3-2021 دەستپێدەكات و پێش ئەوە كۆبوونەوەیەكی دیكە دەكرێت.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

پاش كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە ، ١٣ ی ١ی ٢٠٢١ ی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ، بەسەرپەرشتی بەرێز وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەرێزان : لە وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان ، بریاردرا :
١- رۆژی شەممە ، ١٦ ی ١ ی ٢٠٢١ ، خوێندن لە قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەكانیەوە ، لە قوتابخانە و خوێندنگە حكومی و ناحكومیەكان دەستپێدەكاتەوە.
٢- پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت . رۆژ و كاتی تاقیكردنەوەكانی وەرزی و تاقیكردنەوە گشتییەكان بەگوێرەی ئەو خشتانەی كە بە نوسراوی فەرمی بلاودەكرێنەوە كاریان پێدەكرێت.
٣- لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بەمەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایانی بەرێز تەنها ئەوكاتانە لە قوتابخانە دەبن كە وانەیان هەیە ، پاش وتنەوەی وانەكانیان پابەند ناكرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە .
٤- لە رۆژی شەممە ١٦ ی ١ تا ماوەی یەك هەفتە ، ئەو بژارەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوكاری قوتابیان و خوێندكاران ، لە رێگای فۆرمێكەوە كە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی كردووە و لە قوتابخانەكان پڕ دەكرێتەوە ، كە بەخێوكار سەرپشك دەكات قوتابیەكەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بكات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیكردنەوە نوسینەكیەكانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.
٥- رێنماییە خۆپارێزییەكان لە ناوەندەكانی خوێندن جێبەجێدەكرێت و پێگیریی بە رێنماییەكان زامنكاری بەردەوام بوونی خوێندنە ، بۆ ئەومەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بابەتی پرۆسەی خوێندن ، كە بەسەرپەرشتی بەرێز پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرێوەبەرانی گشتی پەروەردە و تەندروستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان پێكهاتووە ، هەماهەنگی دەكەن بۆ باش بەرێوەچوونی پرۆسەكە.
٦- لەڕووی پرەنسیپەوە ، كۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند كرد بۆ دەستپێكی خوێندنی قۆناغەكانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی وپەیمانگاكان ، حكومی و ناحكومی ، كە لە ١ ی ٣ ی ٢٠٢١ دەستپێبكات ، لە ٢ ی ٢ ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا كۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێكی نوێ كە پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری لەو بەروارە ( بۆ قۆناغەكانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی ) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و كەمبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندكراو بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەكات.
پارێزراو تەندروست ساغبن.
راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە
١٣ ی ١ ی ٢٠٢١