سەردێر

یەكێتی: بۆ ڕێگری لە خراپتربونی گوزەرانی هاووڵاتیان دەبێت پشتگیری لامەركەزی بكەین

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی ڕێكخراوەكان بۆ خزمەتی چین و توێژەكانە نەوەك نوێنەرایەتیكردنی حزب و دەشڵێت: ” بۆ ڕێگری لە خراپتربونی گوزەرانی هاووڵاتیان دەبێت پشتگیری لامەركەزی بكەین”.

د. میران محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكا و كۆمەڵەكان لە سلێمانی كۆبووەوە و ڕایگەیاند، بۆ پێشگیری لە خراپتربوونی بار و گوزەرانی هاووڵاتیان پێمانوایە سیستمی لامەركەزی كارگێڕیی و دارایی پڕۆژەیەكە ئاهێك دەداتەوە بە خەڵك.

جەختیشی كردەوە، پێویستە هەمووان تێگەیشتنی دروستیان هەبێت بۆ پڕۆژەی لامەركەزی، كە پڕۆژەیەك نیە تەنها بۆ خزمەتكردن بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان یان هەر حزبێكی دیكە، بەڵكو لەبەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵك و حكومەتیشدایە لەبەرئەوەی بەگوێرەی ئەم پڕۆژەیە دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی دەدرێتە پارێزگارێكی گۆڕان و بەڕێوبەرێكی گشتی پارتی یان هەر ناوچەیەكی تر، كە داهات و دەسەڵاتەكانی ڕاستەوخۆ بخاتە خزمەت بە ناوچەكەی.

وەك میران محەمەد لە فەیسبووكی خۆی بڵاویكردۆتەوە، “ئامانجی ڕێكخراوەكان بۆ خزمەتی چین و توێژەكانە نەوەك نوێنەرایەتیكردنی حزب و چیتر ڕێكخراوەكان نەبنە زمانحاڵی حزبەكان و بە ئەركی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی چین و توێژەكان هەڵبسن”.

دەشڵێت: “پێمانوایە لە قۆناغی ئێستا و داهاتووشدا پێویستە كۆمەڵە و سەندیكاكان خۆیان لە نوێنەرایەتیكردنی حزبە پشتیوانیەكانیان بەدووربگرن و داكۆكیكار بن لە خواستی توێژەكانیان. بەم ئاڕاستەیەدا دەتوانرێت كاری ڕێكخراوەیی متمانە بەدەستبهێنێتەوە و ڕێچكەی دروستی خۆی وەربگرێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێمە وەكو یەكێتی پشتیوانی هەر پڕۆژە و كارێك دەبین، كە بە بێ ئینتیمای حزبی گوزارشت لە خواست و خزمەتی فعلی بكات و هەر بەو چاوە بڕیار لەسەر هەموو چالاكی ڕێكخراو و كۆمەڵە و سەندیكاكان دەدەین، كە ئایا چەندە سەركەوتودەبن لە خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵك لە سێكتەر و بوارە جیاوازەكاندا.