سەردێر

ئەفسەرێكی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتە باڵیۆزی ئاشتی نێودەوڵەتی

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەنجومەنی نێودەوڵەتی ئاشتی و بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ ئەفسەرێكی پلە باڵای وەزارەتی پێشمەرگە وەكو باڵیۆزی نێودەوڵەتی ئاشتی بۆ ساڵی 2021 لەسەر ئاستی جیهان دیاریكرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، عەمید ساڵح مەولود گەردی، كە ئەفسەری هەماهەنگیە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لەلایەن ئەنجومەنی نێودەوڵەتی ئاشتی و بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ وەكو باڵیۆزی نێودەوڵەتی ئاشتی بۆ ساڵی 2021 لەسەر ئاستی جیهان دیاریكرد.

ئاماژەی بەوەشكردووە، عەمید ساڵح مەولود گەردی بەهۆی هەڵوێستی خەباتگێڕییەوە خانەوادەكەیان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زیندانی كرابوون، بۆیە لە ساڵی 1962 لە گرتوخانەی (قشڵە)ی هەولێر لە دایكبووە، ساڵانێكە لە ڕیزەكانی پێشمەرگه خزمەت بە گەل و نیشتیمانەكەی دەكات.

عەمید ساڵح ، پاش ئەوەی بەشداری لە كۆنگرەی ئاشتی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2020 دەكات و دوای پێشكەشكردنی بابەتێك دەربارەی كۆمەڵكوژی ڕەگەزی و ئاینی لەو كۆنگرەیەدا، دەبێتە جێگەی سەرنجی ئەندامانی سەرپەرشتیاری كۆنگرەكە و دواتر وەك باڵیۆزی نێودەوڵەتی ئاشتی لە سەر ئاستی جیهان بۆ ساڵی 2021 دیاریكرا.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاندووە، ئەوە دەسكەوتێكی مەعنەوی و یاساییە بۆ پێشمەرگەی كوردستان و كەسایەتی ئەم ئەفسەرە‌ی وەزارەتەكەیان.