سەردێر

زیاد جەبار: وەكو سیاسەتی یەكێتی دەنگمان بە وەزیری سامانە سروشتییەكان داوە

خەڵك-ئارام سەردار
سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەڕلەمانی كوردستان و پەڕلەمانتاری یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، وەكو سیاسەتی یەكێتی دەنگمان بەوەزیر داوە ئەوەشی دەنگی نەداوە ئازادە و دەشڵێت: “پێویستە سەرجەم فراكسیۆنەكان گفتووگۆ بكەین لەسەر ژیان و گوزارەنی خەڵك و ئەوەی ڕوویدا لە پەڕلەمان جێگەی داخە”.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەڕلەمانی كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەپێی ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەنێوان سێ لایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پشكی پارتی بووە، لەماوەی پێكهێنانی كابینەی حكومەتیش گرفتی زۆر دروست بوو بۆ لیژنەكان و داواشمان كرد وەزیرێك دابنرێت بەشەفافی كارەكانی ئەو وەزارەتە ئەنجام بدات، پرسیارەكانیش دەزگا چاودێرەكانیش وەڵام بدرێتەوە لەلایەن وەزیر.

دەشڵێت: “پێشتر چەندین پرسیار ئاڕاستەی وەزارەتەكە كراوە بەڵام بەهۆی نەبوونی وەزیر وەڵام نەدراوەتەوە، ئەوەی ئەمڕۆش متمانەی وەرگرت تێبینیمان لەسەر سیڤیەكەی نیە، ئەركیەتی بەشەفافی سیاسەتێكی تازە بۆ نەوت و دانوستانەكان لەگەڵ ناوەند دابنرێت، لەبەر ئەو هۆكارانە دەنگمان بە وەزیری سامانە سروشیەكاندا، وەكو سیاسەتی یەكێتی دەنگمان بەوەزیر داوە ئەوەشی دەنگی نەداوە ئازادە”.

لەبارەی بارگرژیەكانیش وتی، “بەداخەوە ئەوەی ڕوویدا، ئێمە هەموومان پێویستە بەیەكەوە بین و پڕۆسەی سیاسی جوانتر بكەین، گفتووگۆ بكەین لەسەر ژیان و گوزارەنی خەڵك، كە بەداخەوە لەبارودۆخێكی خراپدایە، بەڵام پێویستە ڕێز لەئیرادە و سیاسەتی یەكتر بگرین و فڕاكسیۆنەكانیش لێكتێگەیشتنیان هەبێت”.