سەردێر

“تەنھا دەرمانێک بە گوێ بکێشرێ ئەحمەد کایایە”

ئەحمەد کایا، (٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧ – ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠)

گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێکی دیارو ناوداری کوردە، لە شاری مەلاتیی باکووری کوردستان لەدایکبووە.

لە دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕی، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریکی مۆسیقا بووە.

پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئەستەمبوڵ شۆفێری تەکسی بووە، ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی خۆشەویستی بەناوی بەشار ئابی کاری شۆفێری پاسیشی کردووە.

کایا لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئەلبومی خۆی بە ناوی «مەگری کۆرپەکەم» بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوکاری بکات، ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆکاری ساردبوونەوەی و بەھاوکاری دۆستەکانی یەکەمین ئەلبومی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام حکومەت ئەلبومەکەی قەدەغە کرد.

کایا لە منداڵییەوە ڕۆحێکی یاخی ھەبووە و ھەندێک جاران لەگەڵ یاسا تووشی کێشە بووە، ھەر لەو کاتەوەی لە ١٦ ساڵیدا لەسەر چاپکردنی لافیتەی نایاسایی گیرا, لەگەڵ ھاوڕێکانیدا بەردەوام بوو لە مۆسیقا و گۆرانی لە «یانەی زانستەکانی خەڵک» کە وایکرد کایا زیاتر برەو بدا بە گیانە یاخییەکەی ئەمەش دواتر لە زۆربەی ئەلبوم و گۆرانییەکانی کایادا ڕەنگ دەداتەوە و ڕووداوەکانی تری ژیانی کایاش بەدوای خۆیدا دەھێنێت.

لەیەکەم ھەوڵیدا بۆ دەرکەوتن، دوای کۆنسێرتێکی سازژەنی بەناوبانگ بە ناوی «ڕووحی سو»، چووە زانکۆی «بۆغاز ئیچی» و داوای لە ڕووحی کرد کە گوێ لە سازژەنینەکەی بگرێ.

دوای ئەوەی داواکارییەکەی قبووڵ کرد، ڕووحی لە نیوەی ژەنینەکەی کایادا سازەکەی لەدەست وەرگرت و پێی وت «ساز نابێ بە شێوەیەک بژەنرێ وەک ئەوەی سواری ئەسپ بی، بەڵکو دەبێت بە نەرمی بیژەنی.» کایا لەسەر شێوازی ژەنینەکەی خۆی سوور بوو.

سەرەتای ژیان

کایا پێنجەم و دوا منداڵی خێزانەکەی بووە، باوکی کورد و دایکی تورک بوو. باوکی بە ئەسڵ خەڵکی سەمسوور بووە و ڕۆیشتووەتە مەلاتی بۆ دۆزینەوەی کار. کاتێک کایا لەدایک بوو، باوکی لە کارگەیەکی دەوڵەتدا کاری دەکرد.

دایک و باوکی و ھەر پێنج منداڵەکە لە خانوویەکی بچووکی کارگەکەدا دەژیان، لە نۆ ساڵیدا لە کارگەکەی باوکی دەستی بە گۆرانیبێژی کرد بۆ کرێکارەکانی تر لە شەوی جەژنی کرێکاراندا.

دوای ئەوەی گەورەتر بوو، کایا دەچوو بۆ خوێندنگە و کاتەکانی تریش لە فرۆشگەیەکی فرۆشتنی قەوان و کاسێتدا کاری دەکرد ئیشکردن لەو فرۆشگایەدا وای لە کایا کرد کە بە شێوەیەکی باشتر شارەزای مۆسیقا و ئاوازدانان بێت.

ھاوسەرگیری لەگەڵ گولتەن

گولتەن کایا (پێش شووکردن بە کایا نازناوی خەیاڵئۆغڵوو بووە) دوای بڵاوکردنەوەی دووەم ئەلبوومی بەناوی “تێکئاڵان بە ئازار” ھاوسەرگیری دەکات لەگەڵ کایا.

لە ساڵی ١٩٨٥دا گویلتەن ھەڵبەستی “ئاوازی شەبەق”ی نەوزاد چەلیک دەگەیەنێتە کایا کە بۆ دایکی نەوزاد نوسراوە لە سجنەوە.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦یشدا “کاتێک دێ” بڵاو دەکاتەوە، لەدوای ھاوسەرگیری لەگەڵ گویلتەن، کایا دەبێتە ناسراوی یوسف خەیاڵئۆغڵوی برای گویلتەن کە زۆرێک لە گۆرانییەکانی کایا ھۆنراوەی ئەون.

شەوی خەڵاتەکە

گۆڕی ئەحمەد کایا لە پاریس. بە تورکی نوسراوە: لەلایەن کچەکەی مەلیس و ژنەکەی گولتەنەوە دروست کراوە بەو وزە و شەرەفەی بۆی بەجێ ھێشتن.

ئەحمەد کایا کە بە گۆرانییە کۆمەڵایەتییەکانی لایەنگری خەڵکی ھەژار و کوردی تورکیا دەکات، ئەم شێوازەی گۆرانی وتن و لایەنگری کەمینەکان دەبێتە ھۆی لە بەندیخانە کران و قەدەغە بوونی گۆرانییەکانی کایا و ھەروەھا ڕێگای گۆرانی وتنیشی لێ تەنگ دەکرێتەوە.

لە ١٠ی شوباتی ١٩٩٩ کایا براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی چاپی تابلۆید دەبێت کاتێک خەلاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵ کە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا پەخش دەکرێ وەردەگرێ، ڕای دەگەیەنێت: «من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبۆمە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم، گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبۆمە تازەکەم بڵاوبکەنەوە.» دوای تەواو بوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێکی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: (خاین! بڕۆ دەرێ).

دادگاییکردن و دەرکران لە تورکیا

دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی خیانەت بە نیشتمانی، دایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ ڕۆژنامە و دەزگای ڕاگەیاندن داوای حوکمی ئیعدامیشیان بۆ کرد, لەوانە ڕۆژنامەی حوڕییەت بوو کە یەکەم بابەتی دوو ڕۆژ دوای پەلامارەکەی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە یەکەم بابەتی دژی کایا بڵاوکردوە بە وێنەیەکی دروستکراو گوایە کایا لە بەرلین کۆنسێرتی کردوە و پارەی بۆ پەکەکە کۆکردووەتەوە کە ھەڵبەستراو بوو، دواتریش چەن بابەتی دیکەی بە دواتا ھات، بەڵام ئەحمەد کایا، لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە درابوونە پاڵی.

لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەورووپا، دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٠ دە ساڵ زیندانی بۆ ئەو دەرکرد.

ئەمەی خوارەوە بەشێکە لەو داکۆکینامەیەی ئەحمەد کایا لەبەردەم دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا پێشکەشی کرد لە ساڵی ١٩٩٩دا:

“لەساڵی ١٩٨٥ەوە مۆسیقارێکی پیشەییم، ژنم ھێناوە و دوو کیژی حەڤدەو دوازدە ساڵەم ھەیە، سەدان سترانم داناوەو گەلێ ئاوازیشم بۆ کەسانی دیکە داناوە، حەڤدە ئەلبومم بڵاوکردووەتەوە کە چەندان میلیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە.”…”لەوڵاتانی دنیا کۆنسێرتم کردوە و چەند جارێک وەک گۆرانیبێژی ساڵ لەلایەن دەزگا ھونەرییە جۆراوجۆرەکانەوە ھەڵبژێردراوم و خاوەن دەیان خەڵاتم.

تا تەمەنی چلودوو ساڵی لەم وڵاتەدا بە تورکی بیرم کردووەتەوە، بە تورکی گۆرانیم نوسیوە و گوتوە، ھاووڵاتییەکی ئەم دنیایەم کە خۆی بەموڵکی ھیچ ناوچەیەک نازانێ و ھەست و سۆزم سنوردار نەکردوە بە ھیچ شێوەیەک تا ئەو ڕادەیە کەسێکی مۆسیقاژەنم.

دڵم ئەوەندە گەورەیە جێگای چاکەی گشت زمان و کولتوور و باوەڕو گۆرانییەکانی دنیای تێدا دەبێتەوە.

خەڵاتێکی ترم وەرگرت (مەبەستی شەوی ١٠ی شوباتی ١٩٩٩یە) کەچی دنیام لێگۆڕا، لەلایەن ھەندێ ھێزی دیار و نادیارەوە بە یەک شەو تۆمەتی خیانەت، دووبەرەکی خواز، ئەڵقە لەگوێ و بێئەدەب و بێئەقڵ و شێت یان دایە پاڵم.”… “روانگەو قسەی مرۆڤێک، کە بنەمای ھەموو ئەم تۆمەتانە، لە ھیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو و یاسا پەروەردا بە تاوان و تۆمەت ناژمێردرێن”.

کایا، لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، کاتێ بۆ سازکردنی کونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس «پیرلاشیز» بەخاک سپێردرا، یڵماز گونەیش ھەر لەوێ بەخاک سپێردراوە کە کایا گۆرانی «ناوی یڵماز»ەی بۆ وتوە.

گویلتەنی خێزانی وتویەتی: «تا لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا بە کوردی گۆرانی نەوترێ ئەمەوێ مەزاری لە فەڕەنسا بێت».

دوای مەرگ

دوای خۆی، «گوڵتەن»ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی بەناوی «گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەکەم» بڵاوکردەوە، چەند ئەلبومێکی تریش دوای خۆی بڵاوکرانەوە و بەھاتنە سەر حوکمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش ناوبانگی کایا زیاتر گەشەی سەند، ھەر لە ماوەی ئەوەی بە «کرانەوەی دیموکراسی» ناوزەندکرا، بۆ یەکەمجار دەزگای پەخشی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا TRT قەدەغەی ھەڵگرت لەسەر بەرھەمەکانی ئەحمەد کایا.

ئەلبومەکان

مەگری کۆرپەکەم (١٩٨٥)

تێکئاڵان بە ئازار (١٩٨٥)

ئاوازی شەبەق (١٩٨٦)

کاتێ دێ (١٩٨٦)

دیموکراتی ماندوو (١٩٨٧)

سەربەرزدەکەمەوە (١٩٨٨)

خوێندنەوە-١ (١٩٨٩)

گوڵێکی نییەت چاک – کۆد ناوی بەختیار (١٩٨٩)

خوێندنەوە-٢ (١٩٩٠)

دیواری خۆشەویستی (١٩٩٠)

تووشی بەڵا بووم (١٩٩١)

بەرم مەکەوە ئەسوتێی (١٩٩٢)

ناجێگیر (١٩٩٣)

گۆرانییەکانم بۆ شاخەکانە (١٩٩٤)

بمدۆزەوە (١٩٩٥)

ئەستێرە و مانگاشەو (١٩٩٦)

بەرامبەر دۆست و دوژمن (١٩٩٨)

 

ئەلبومەکانی پاشمەرگ:

خوات لەگەڵ چاوەکەم (٢٠٠١)

تۆزێکیش تۆ بگری (٢٠٠٣)

با داواکەم بمێنێ (٢٠٠٥)

فرمێسکەکانم بوونە ھەزارساڵە (٢٠٠٦)

بابا-ئەرۆ تەنھام ئەحمەد کایا (٢٠١٢)

ڕێزلێنانی ئەردۆغان

ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە ٢٦ی ئەیلوولی ١٩٩٩دا کاتێک لەسەر خوێندنەوەی شیعرێکی سیاسی ١٠ مانگ زیندانی دەکرێ ئەو ڕۆژە بۆ زیندان دەبرێ، کایا بەیادی ئەو گۆرانی «ئاوازی شەبەق» دەڵێت و دەڵێ «ئەمە بۆ ھەموو ئەوانەی لە زیندانن و دەچنە زیندان».

بۆیە ئەردۆغانیش دوای ھاتنە سەر حوکم ئەوەی لە یاد بووە و ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی دواتر بە فەرمی کایا دوای مەرگی ڕێزی لێ بگیرێت.

لە کاتی ڕووداوەکانی پارکی گێزی ئەستەمبوڵیشدا، دەستەواژەی «ھەتیو ھەمووتان لەوێ بوون» بڵاو بوەوە کاتێ ئەردۆغان باسی ئەو ھونەرمەندانەی دەکرد کە دەیانوت ئەو شەوەی کایا لەوێ نەبوون.

خەڵاتی سەرۆکایەتیی تورکیا

عەبدوڵا گولی سەرۆکی تورکیا خەڵاتی «گەورە»ی بەخشییە کایا پاش مەرگی لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣دا، یەکێ لەو ھۆیانەی دەکرێ ئەم سەرۆکەی تورکیا ئەو کارەی کردبێ ئەوەیە کە سەرۆک وەزیران ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕێزی تایبەتی لە کایا گرت دوای ھاتنە سەر حوکم.

ناوبانگ

ڕێزلێنانێک لە ناوبانگی کایا لە ئۆکمەیدانی، ئەستەنبوڵ، گرافیتییەکە نوسراوە: “تەنھا دەرمانێک بە گوێ بکێشرێ ئەحمەد کایایە”

زۆرێک لە گۆرانییەکانی کایا ھۆنراوەی شاعیر یوسف خەیاڵۆغڵوو بوون و ئەم کردوونی بە گۆرانی، بە گشتی ئەو ھەڵبەستانەی کردوە بە گۆرانی کە لەگەڵ حەز و کەش و ھەوای ئەو دەمەی تورکیادا ئەگونجان. ئەمەش وای کردوە دوای خۆشی خەڵکێک لە تورکیا ھەن کە گوێگرتن لە گۆرانییەکانی ئەو بە گوێگرتن لە کەسێکی «خائین و تیرۆریست» ناو دەبەن، ناونیشانی ئەلبومەکانیش زیاتر ئەمە نیشان دەدەن، بۆ نموونە «تێکئاڵان بە ئازار»، «بەرم مەکەوە ئەسوتێی» و ….ھتد.

ھەروا دوای دەرچوونی لە تورکیاش ئاشکراتر خۆی وەک دژی سیستمی دەوڵەتی تورکیا و پشتیوانی بۆ جووڵانەوەی کورد لە تورکیا تۆختر کردەوە .