سەردێر

شێرکۆ… پینووسی خەم و کۆژانەکانی نیشتمان

 

خەڵک

شێرکۆ بێکەس، کوڕی گەورە شاعیری کورد فایەق بێکەسە، ڕۆژی ٢-٥ی ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە.

تەمەنی هەشت ساڵان بووە بێکەسی باوکی ساڵی 1948 کۆچی دوایی دەکات.

منداڵی و لاوێتی شێرکۆ بێکەس پڕ بووە لە ئازار و ژانی بێکەسی و نالەباری رەوشی ئابوری.

لە نێو هەلومەرجی سەخت و بێکەسیدا قۆناغی ئامادەیی تەواو کردووە.

تەمەنی حەڤدە ساڵان بووە یەکەمین شیعری لە رۆژنامەی ژین بڵاو کردۆتەوە.

ساڵی 1965 دەبێت بە پێشمەرگە و لە رادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق لە ئەشکەوتی سەردێمان دەست بە کار دەکات.

ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتووکی شیعری خۆی بە ناوی «تریفەی ھەڵبەست» لە (بەغدا) لە چاپ دا.

لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شیعری کوردی و بە تایبەت چوون بە لای شیعری نوێی کوردییەوە بڵاو کردەوە.

ساڵی ١٩٨٨ لە وڵاتی سوید خەڵاتی «تۆخۆڵسکی» پێ بەخشرا و شیعرەکانی بە زۆر زمانی دنیا وەرگێڕدا.

لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا کۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئامریکا و کەنەدا بوو.

لە ھەمان ساڵدا بە یارمەتی کۆمەڵێک کەس و ھاوڕێی، «دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم»ی دامەزراند.

لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و ڕاگەیاندنی «خاک» خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری بە شێرکۆ بەخشی.

لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاپ درا.

شێرکۆ بێکەس یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شیعری نوێی کوردی و ھونەری کوردی بە زمانی شیعری نوێ ناساند.

شیعری شێرکۆ زۆرجار باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی ئاو و خاک کردووە.

وەسێتنامەکەی شێرکۆ

من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم ڕێگەم پێبدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی ١٩٦٣ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بە مردویش نزیکی ئەو خەڵکەو ژن و پیاوی شارەکەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم.

با کتێبخانەکەم و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم، با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆ ئەوەی شاعیران و نوسەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵا وەیسییەکەی مەردان و سرودی خوایە وەتەن ئاواکەیەوە ئاڵای کوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم.

من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی «بێکەس» ەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێیدەھێڵم.

شێرکۆ بێکەس

بەرهەمەکانی؛

  • تریفەی ھەڵبەست، شیعر، ١٩٦٨
  • کەژاوەی گریان، شیعر، ١٩٦٩
  • کاوەی ئاسنگەر، شانۆنامەی شیعر، ١٩٧١
  • من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ، شیعر، ١٩٧٣
  • ئاسک، شانۆنامەی شیعر، ١٩٧٦
  • کازیوە، پۆستەرە شیعر، ١٩٧٨
  • دوو سروودی کێوی، شیعری درێژ، ١٩٨٠
  • ڕووبار، چیرۆکە شیعر، ١٩٨٣
  • کەشکۆڵی پێشمەرگە، شیعری موقاوەمەت، ١٩٨٤
  • داستانی ھەڵۆی سوور، قەسیدەی درێژ، ١٩٨٥
  • ئاوێنە بچکۆلەکان، کورتە شیعر، ١٩٨٦
  • تەمتوومان، شیعری ددێژ، ١٩٨٨
  • دەربەندی پەپوولە، شیعری درێژ، ١٩٩١
  • ئافات، شیعر، ١٩٩٣
  • مێرگی زام، مێرگی ھەتاو، شیعر، ١٩٩٦
  • بۆننامە، قەسیدەی درێژ، ١٩٩٨
  • چراکانی سەر ھەڵەمووت، پەخشان، ١٩٩٩
  • نسێ، ١٩٩٩
  • ژنێک و دوو پیاو، ٢٠٠٠
  • ژن و باران، ٢٠٠٠
  • ڕەنگدان، ٢٠٠١
  • ئەزموون، ٢٠٠١
  • لە چلەی چلچرایەکدا، ٢٠٠١
  • پیاوێ لە دارسێو، ٢٠٠٢
  • خۆم؛ ئەو وەختەی باڵندەم، ٢٠٠٢
  • پاییزە میوان، ٢٠٠٢
  • کوکوختیە بزێوەکە، ٢٠٠٣
  • گۆڕستانی چراکان، ٢٠٠٤
  • ئێوە بە خۆشەویستیم ئەسپێرن، ٢٠٠٤
  • سروودە بەردینەکان، ٢٠٠٥
  • کورسی، ٢٠٠٥
  • لە گوڵەوە ھەتا سووتوو، ٢٠٠٦
  • حەفتا پەنجەرەی گەڕۆک، ٢٠٠٧
  • کتێبی ملوانکە، ٢٠٠٧
  • تۆ ئەتوانی بە قومێ ماچ بمخەیتەوە ھەڵقوڵین، ٢٠٠٧
  • زێ و زنە، ٢٠٠٨
  • تەون، ٢٠٠٩
  • ھەست و نەست، ٢٠١٠
  • ئێستا کچێک نیشتمانمە، ٢٠١١
  • ئەسپێک لە پەڕەی گوڵاڵە، ٢٠١٢
  • خێراکە مردن خەریکە بگات، ٢٠١٣
  • نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش، ٢٠١٣
  • مەرایا ساغیرە، وێنەکراوی فواد عەلی، ١٢٥ پەڕە، چاپی الاھالی، دیمەشق، سوریا ١٩٨٨
  • سما سپێگلار: دیکتەر ١٩٧٨–١٩٨٩، نۆربێرگ، چاپخانەی کوردستان، ١٩٨٩

شێرکۆ، خاوەنی چەندین ئەزموونی جۆراوجۆرە لە نووسین و شیعردا. ئەو بە شیعر شانۆنامە، پۆستەر، دەقی کراوە، داستان و گەلێ بەرهەمی تری ئەدەبی نووسیوە.

شیعری شێرکۆ بێکەس بۆ زۆر زمانی وەکو ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، سوێدی، عەرەبی، تورکی، فارسی و هی تریش وەرگێڕدراون.

ئەم کەڵە شاعیرەی کورد، رۆژی 04-08-2013 لە وڵاتی سوێد و لە ئەنجامی نەخۆشیدا کۆچی دوایی کرد و دواجار لەسەر وەسێتی خۆی لە خاکی نیشتمان و لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.