سەردێر

گیوی موکریانی، دڵداری چاپخانە و دڵبەری فەرهەنگ

خەڵک

گیوی موکریانی، فەرھەنگنووس و ڕۆژنامەنووسێکی دیار و بوێری کورد ناوی عەبدوڕەحمانە و کوڕی سەید عەبدولەتیف، برا گچکەی حوسێن حوزنیی موکریانی و باوکی دوکتۆر کوردستان موکریانییە.

نازناوی «گیو»، کە ناوی پاڵەوانێکە، حوسێنی برای پێی بەخشیوە.

ساڵی ١٩٠٣ لە بۆکان لە دایک بووە، لە تەمەنی ١١ ساڵیدا دەچێ بۆ حەلەب بۆ لای حوسێن حوزنیی برای و لەوێ و لە بەیروت دەخوێنێ و خۆی شارەزای زمانی عەرەبی و فەڕەنسی دەکات، دوایی لەگەڵ براکەی دێنەوە بەغدا و چاپخانەیەک لە حەلەبەوە دێنن و ساڵی ١٩٢٦ لە ڕەواندز دای دەمەزرێنن وگۆڤاری زاری کرمانجی و چەند نامیلکەیەکی تری پێ چاپ دەکەن.

ساڵی ١٩٣٤ دەچنە ھەولێر و لەوێش چاپخانە دادەنێن و گۆڤاری ڕووناکیی پێ چاپ دەکەن.

ماوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ مەھاباد و لەوێ بە کاری وێنەگرتنەوە خەریک دەبێ و وانەی زمانی فەڕەنسیش دەڵێتەوە.

بە ھۆی ئەوەی کە باسی بیر و باوەڕی کوردایەتی بۆ قوتابیانی دەکات، دەگیرێ و دەخرێتە زیندانەوە، پاش ئازادبوونی لە زیندان، ھەر لە مەھاباد ژن ئەخوازێ و دوو کچی دەبێ بە ناوەکانی خونچە و کاڵێ (کوردستان دواتر لە ھەولێر لە دایک دەبێ).

جارێکی تریش زیندانی دەکرێ و ئەم جارە قازی محەممەد، کە دەستی دەڕوات، ڕزگاری دەکات و دەینێرێتەوە بۆ ڕەواندز.

دوای مردنی کاکی لە ١٩٤٧دا، ئەرکی ھەڵسووڕاندنی چاپخانەی دەکەوێتە ئەستۆ، کە جگە لە بەرھەمەکانی خۆی چەندین دیوانی شاعیرانی کلاسیکی کوردیش چاپ دەکات، ناوی چاپخانەکەش دەنێ چاپخانەی کوردستان.

جگە لە ڕۆژنامەوانی و زمانەوانی، دەکرێ بڵێین گیوی موکریانی وێنەگریش بووە. وێنەی زۆرێک لە شاعیران و ئەدیبانی ھاوسەردەمی خۆی، وەکو پیرەمێرد و قانع و فایەق بێکەس و زۆرێکی تر کە ئەمڕۆ لەبەردەستە کاری ئەوە.

لە ١٩٧٧،  بە ھۆی نەخۆشیی دڵەوە لە نەخۆشخانەی مووسڵ گیان دەسپێرێت.

موکریانی وەکوو ڕۆژنامەنووسێک لە دەرچوونی چەندینگۆڤ ھاوبەشیی کردووە کە ڕۆڵێکی گەورەیان بووە لە بووژاندنەوەی ئەدەب و زمانی کوردیدا:

  • زاری کرمانجی، کە خۆی بەڕێوەبەری و حوسێنی برای سەرنووسەری بوو. لە ١٩٢٦ەوە ھەتا ١٩٣٢، ٢٤ ژمارەی لی دەرچوو و دوایی پێھات.
  • ڕووناکی، کە یەکەمین ژمارەی لە ١٩٣٥/١٠/٢٤ و دوا ژمارەی لە ١٩٣٦/٥/٢٦دا چاپ کراوە و ھەمووی یازدە ژمارەی لێ دەرچووە.
  • ھەتاو، حەوتەنامەیەکی ئەدەبی بوو کە خۆی خاوەن ئیمتیاز و ھەڵسووڕێنەری بوو، لە ١٩٥٤ەوە تا ١٩٦٠ بڵاو کرایەوە و ١٨٨ ژمارە بوو.

فەرھەنگەکان

  • فەرھەنگی ڕابەر فەرھەنگێکی عەرەبی کوردییە کە نزیکەی ١٥٠٠٠ وشە دەبێ و ساڵی ١٩٥٠ لە ھەولێر لە چاپخانەکەی خۆی، چاپخانەی کوردستان چاپ بووە.
  • فەرھەنگی کۆڵکەزێڕینە فەرھەنگێکی چەندزمانەیە (کوردی، فارسی، عەرەبی، فەڕەنسی و، ئینگلیزی) کە جاری یەکەم لە ١٩٥٥ و جاری دووەم لە ١٩٦٦ چاپ کراوە.
  • فەرھەنگی مەھاباد فەرھەنگێکی کوردی عەرەبییە و نزیکەی ٣٠٠٠٠ وشەیە. یەکەم جار ساڵی ١٩٦١ چاپ کراوە.
  • فەرھەنگی نۆبەرە کە عەرەبی کوردییە.