سەردێر

سمکۆی شکاک، ڕەمزی ئازایەتی نەتەوەیەک

خەڵک

سمکۆی شکاک، شۆڕشگێڕێکی کوردی ڕێبەری ھۆزی شکاک بوو کە بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی ناوچەی ڕۆژاوای گۆلی ورمێی لە حکوومەتی ناوەندیی ئێران سەندەوە.

سمکۆ ناوی ئیسماعیل کوڕی‌ محەمەد پاشای‌ کوڕی‌ عەلی‌ خانی‌ کوڕی‌ ئیسماعیل ئاغای‌ شکاکە و بنەماڵەکەیان گەورە و دەسەڵاتداری‌ خێڵی‌ شکاک بوون.

سمکۆ ساڵی ١٨٨٧ لەدایک بووە و پاش مردنی‌ باوکی‌ و جەعفەر ئاغای‌ برای‌، سەرکردایەتی‌ شکاکی‌ گرتۆتە دەست و لەدوای‌ شەڕی جیھانی یەکەمەوە دەستی بە گرتنی ناوچەکانی قەراغی گۆلی ورمێ کردووە.

ھەرچەندە لە ساڵانی‌ شەڕی یەکەمی‌ جیھانیدا سمکۆ لە ھیچ چالاکییەکی‌ سیاسی بەشداری‌ نەکردبوو، بەڵام ھێزەکانی‌ ڕووسیا گرتیان و دووریان خستەوە بۆ شاری تبلیس و دواتر ئازادیان کرد بەو مەرجەی‌ لە شاری خۆی دابنیشێ‌ و ھیچ ھەڵوێستێک دژی ڕووسەکان نەنوێنێت.

کە شەڕی جەنگی جیهانی یەکەم کۆتایی‌ ھات سمکۆ وەک سەرکردەیەکی‌ سیاسی‌ ناوی‌ دەرکرد و لەپێناو دامەزراندنی‌ ئیدارەیەکی‌ کوردیدا ساڵی‌ ١٩١٩ شۆڕشی بەرپاکرد و گەلێ ناوچەی‌ گرنگی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ساڵی ١٩٢١ لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکی‌ گەورەی‌ ھێزەکانی حکومەتی‌ ئێراندا سمکۆ ناچار بوو پاشەکشێ‌ بکات و پەنا بەرێتە بە تورکیا.

ساڵی‌ ١٩٢٤ بە بڕیارێکی‌ لێبوردن گەڕایەوە ئێران و ساڵی‌ ١٩٢٦ جارێکی تر شۆڕشی‌ بەرپاکردەوە، بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەکەی تێکشکاو ماوەیەک لە تورکیادا بە دەستبەسەری‌ مایەوە.

پاش ئازاد کردنی‌ گەڕایەوە ئێران و ساڵی‌ ١٩٣٠ بە پیلانێکی‌ کاربەدەستانی‌ ئێران لە شاری شنۆ کوژرا، بەمەش شۆڕشەکەی‌ شکاک کۆتایی‌ ھات کە یانزە ساڵ درێژەی‌ کێشابوو.

ھەندێک لە ناسیۆنالیستە کوردەکان، سمکۆ بە قارەمانێکی نەتەوەی کورد دەزانن و ڕووخانی حکوومەتی ئەو دەگەڕێننەوە بۆ دژایەتی دەستەڵاتی ئەو کاتی ئێران دژ بە کوردەکان.

سەرچاوە؛ ویکیپێدیا

وێنە؛ ماڵپەڕی ئازاد سەڵواتی