خەڵک
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند، ولییه‌م یوحه‌نا، پێشه‌نگ و مامۆستا و دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقا له‌شاری سلێمانی و خاوه‌نی فێرگه‌ی تایبەت بەم بوارە، كه لەسەر دەستیدا،چه‌ندین مامۆستا و کەڵە هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیاری پێگه‌یاندووه .
ماڵباتی ئەم مامۆستا‌و پیشەنگەی بواری هونەر و موزیک، له‌بنه‌ڕه‌تدا خانه‌واده‌یه‌كی ئاشوورین، ئایینزای( مه‌سیحی )، خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری شاری( وان) ن، له‌باكوری كوردستان، له‌دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی توركه‌وه( ئاشووری و ئه‌رمه‌نییه‌كان ) به‌رلێشاوی پاكتاوكردنی ره‌گه‌زی ده‌كه‌ون، باوكی هونه‌رمه‌ند ولیه‌م، ناوی( یوحه‌نا خنانیشۆ) بووه، كه له‌شاری وان له‌دایكبووه، بۆ ڕزگاربوون له‌و پاكتاوی ڕه‌گه‌زییه، خۆی ده‌گه‌یه‌نێته شاری
(ورمێ) له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، دواتر به‌ره‌و شاری(كرماشان) ماوه‌یه‌ك له‌وێ ده‌مێنێته‌وه، پاشان خانه‌واده‌ی( یوحه‌نا خنانیشۆ ) ڕوو ده‌كه‌نه عێراق و له‌شاری به‌عقوبه له خێوه‌تگایه‌ك نیشته‌جێ ده‌بن.
له‌گه‌ڵ بوونی به‌مه‌لیكی عێراق(مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م) بڕیاری داوه، كه ئاشووری و مه‌سیحییه‌كان وه‌ك هاووڵاتی عێراقی ئه‌ژماربكرێن و له‌هه‌رشوێنێك پێیان خۆشه ده‌توانن بژین، له‌دوای ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره یوحه‌نا خنانیشۆ، ڕووده‌كاته شاری موسڵ و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن.
یوحه‌نا خنانیشۆ له‌ساڵی (1932) ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ خاتوو ( نه‌جیبه) ، كه له خانه‌واده‌یه‌كی مه‌سیحی ناسراوی شاری موسڵن به‌ناوی( الوكیل) پێك دێنێت.
باوكی هونه‌رمه‌ند ولیه‌م، ده‌بێته پۆلیس و له‌هه‌مان ساڵدا (1932) شاری موسڵ به‌جێ دێڵێت و ڕووده‌كاته شاری سلێمانی و له‌گه‌ره‌كی (گۆیژه) بۆ هه‌میشه بارگه‌و بنە ده‌خات.
له‌دوای دووساڵ له‌ژیانی هاوسه‌ری ( یوحه‌نا و نه‌جیبه خان) په‌روه‌ردگار كوڕێك ده‌به‌خشێت پێیان و ناوی ده‌نێن ( ولیه‌م) .
ولیه‌م یوحه‌ننا زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی مه‌سیحی یه، له‌گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌ی شاری سلێمانی له‌ساڵی (1934) چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه، منداڵێكی هێمن و له‌سه‌رخۆبووه.
له‌ساڵی (1938) تا (1940) پێش ئه‌وه‌ی بخرێته به‌رخوێندنی سه‌ره‌تایی، ولیه‌م له‌باخچه‌ی ساوایانی ئه‌رمه‌نی دادەنرێت، دوای ئه‌و دوو ساڵه ده‌خرێته به‌رخوێندن له‌قوتابخانه‌ی ( فه‌یسه‌ڵییه) ، قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌وێ ته‌واو ده‌كات، پاشان درێژه به‌خوێندن ده‌دات له ناوه‌ندی كوڕانی سلێمانی، تاساڵی (1952) له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غداد وه‌رده‌گیرێت، باوكی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی ژه‌نیاری شمشاڵ بووه و حه‌زی له‌مۆسیقا بووه، زۆری پێخۆش بووه كه ولیه‌م له‌به‌غدا وانه‌ی موزیك بخوێنێ.
له‌په‌یمانگا وانه‌ی موزیك به‌شێوه‌ی زانستی ده‌خوێنێ و فێرده‌بێت له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستایانی هونه‌رمه‌ند( جه‌میل به‌شیر، مونیر به‌شیر، جه‌میل سه‌لیم و ڕۆمی ئهلخهماش) ولیه‌می به‌هره‌مه‌ند و پڕ ووزه توانیویه‌تی ئه‌و قۆناغه به‌سه‌ركه‌وتویی ببڕێت و له‌ساڵی (1955) بڕوانامه‌ی (دبلۆمی هونه‌ری) له‌بواری موزیك به‌پله‌ی باڵا به‌ده‌ست بهێنێت و ده‌رچووی یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی ده‌رچووانی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا ده‌بێت.
جیا له‌وه‌ی باوكی شمشاڵژه‌ن بووه، هه‌روه‌ها( بنیامین )ی مامیشی سازژه‌ن بووه، له‌وه‌رزی هاویندا كه پشووی قوتابخانه ده‌ست پێده‌كات، دایكی ولیه‌می به‌هره‌مه‌ند ده‌نێرێ بۆ شاری موسڵ بۆ لای خاڵه‌كانی كه ژه‌نیاری
(ڤیۆلۆن و ئۆكۆردیۆن) بوون، كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند داناوه، هه‌روه‌ها له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی كاریگه‌ری مامۆستاكانی وانه‌ی سروودی له‌سه‌ربووه وه‌ك مامۆستا (عه‌بدوالواحید نوری 1904_5/7/1944) و( ڕه‌فیق چالاك سلێمانی 1923_30/11/ 1973 به‌غداد ) هه‌روه‌ها تیپی دیده‌وانی قوتابخانه‌كه‌ی.
له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دبلۆمی هونه‌ری له‌بواری موزیكدا ، هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌نا، ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری سلێمانی و به‌په‌رۆش ده‌بێت كه ئه‌و زانسته‌ی له‌بواری موزیكدا به‌ده‌ستی هێناوه به‌ئه‌مانه‌ته‌وه بیگه‌یه‌نێته منداڵانی شاره‌كه‌ی، له‌ساڵی (1955 بۆ 1956) هونه‌رمه‌ند ده‌بێت به‌مامۆستای وانه‌كانی ( سروود، وێنه و وه‌رزش) له‌هه‌مان ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی كه شه‌ش ساڵی ته‌مه‌نی له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی تێدا به‌رێ كردووه.
هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌نا یه‌كێك له هونه‌رمه‌ندانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) ده‌بێت له‌ساڵی (1955) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقا ده‌بێت سێ ئه‌ندامی ئه‌و تیپه خاوه‌نی بڕوانامه‌ی موزیك بن، مامۆستا ولیه‌م خاوه‌نی بڕوانه‌مه‌ی موزیك بووه، به‌یه‌كێك له‌هونه‌رمه‌ندانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ده‌ژمێردرێت.
تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌یه‌كه‌م تیپی مۆسیقا له‌باشووری كوردستان دێته ئه‌ژمار له‌ڕووی ئه‌وه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌ك له‌ڕووی زانستی مۆسیقاوه دامه‌زرابێت، سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ندانی تیپی ناوبرا بریتی بوون له ( قادر دیلان ، سه‌رۆكی تیپ / ژه‌نینی ڤیۆلۆن و ئامێره‌كانی دیكه، ولیه‌م یوحه‌ننا/ ڤیۆلۆن و عوود، نه‌جاتی عه‌بده /شمشاڵ ، به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی / ڤیۆلۆن و عوود، حاته‌م سه‌عید / ئیقاع ، ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك / ڤیۆلۆن ، هادی عه‌نبه‌ر /ڤیۆلۆن ، سه‌ردار ڕه‌مزی فه‌تاح / ڤیۆلۆن ، حازم حه‌داد / عوود ، خاڵه حه‌مه فه‌ره‌ج / بێژه‌ری تیپ ، نووری به‌ده‌وی و قادر كوردی ) .
ئه‌م كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌نده به‌و هه‌سته به‌رزو پیرۆزه‌وه توانیان گه‌شه‌یه‌كی باش و فراوان به‌موزیك و گۆرانی كوردی بده‌ن و توانیان كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند و به‌هره‌مه‌ندی ده‌نگخۆشییان له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی له خۆیان كۆبكه‌نه‌وه و به ئاهه‌نگه‌كانیان دڵی جه‌ماوه‌ر شاد بکەن و چێژی هونه‌رییان پێ ببه‌خشن ، ئەوانیش هونه‌رمه‌ندان ( ڕه‌شۆڵ، حه‌مه‌ی به‌كر، شه‌ماڵ سائیب، حه‌سه‌ن زیره‌ك، باكوری، سێوه، تایه‌ر تۆفیق، فوئاد ئه‌حمه‌د، ڕه‌سوڵ گه‌ردی، ئیبراهیم محه‌مه‌د، قادری حاجی حسێن، عومه‌ر ڕه‌زا، ڕه‌فیق چالاك و فه‌ره‌جی حاجی ڕه‌شید ).
له‌ساڵی (1962) به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كان له‌شاری سلێمانی ده‌كرێته‌وه‌و ولیه‌م یوحه‌نای هونه‌رمه‌ند ده‌بێته لێپرسراوی به‌شی مۆسیقای چالاكی قوتابخانه‌كانی سلێمانی و درێژه به‌كار و چالاكییه هونه‌رییه‌كانی ده‌دات. هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1967) یه‌كێك ده‌بێـت له‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی ( تیپی مۆسیقای سلێمانی).
تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی، کە بنیاتنه‌ر و بناغهڕێژی ته‌لاری هونه‌ر بوو له‌كوردستان و شاری سلێمانی به‌تایبه‌تی، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی وه‌ك تیپێكی سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر بناغه‌ی پته‌وی ئه‌و ته‌لاره، دیوار‌یان هه‌ڵچنی و تهلارهكهیان بڵندتر كرد به‌كاره هونه‌رییه جوان و ڕه‌سه‌نه‌كانیان.
مامۆستا ولیه‌م به‌رده‌وام له‌خه‌می گه‌شه‌كردنی هونه‌ری موزیكدا بووه ،له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كه‌وه تروسكاییه‌كی به‌دی كردبێت هه‌وڵی خۆی داوه‌و به‌هه‌وڵ و تێكۆشان و سه‌لیقه‌ی به‌رزی هونه‌ری كاره‌كه‌ی گه‌یاندۆته ئه‌نجام ، له‌ساڵی (1975)
( تیپی مۆسیقای زێڕین و زیوین ) له‌ناو زانكۆی سلێمانی داده‌مه‌زرێنێت.
تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی كه‌له‌ساڵی (1955) دامه‌زرا، ماوه‌ی (8) ساڵ تێكۆشانی هونه‌ری هەبووتا جه‌ژنی نه‌ورۆزی ساڵی (1963) كاره هونه‌رییه‌كانیان به‌رده‌وام بوو، پێگه‌و كاره هونه‌رییه‌كانیان جێگای ستایش و به‌رزنرخاندنه و ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره‌و به‌رچاویان هه‌بووه له پێشخستن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی، له‌ساڵی (1977) هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌نا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری شاری سلێمانی، تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی نوێ داده‌مه‌زرێننه‌وه .
ولیه‌م یوحه‌نا ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی مۆسیقا هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی بوو، به‌رده‌وام له‌خه‌می ئه‌وه دابووه هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌به‌رزی بمێنێته‌وه و په‌یامی بۆ قوتابییه‌كانی ئه‌وه‌بووه كه‌ڕێز و حورمه‌ت بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان دابنێن، چونكه هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نه.
هونه‌رمه‌ند هه‌موو ژیانی خۆی كرده قوربانی هونه‌ری مۆسیقا و پێگه‌یاندنی قوتابییه‌كانی، تا دواساته‌كانی ژیانی هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌نا هه‌ر به سەڵتی مایه‌وه.
له‌ماوه‌ی نیو سه‌ده له‌خزمه‌تكردن به هونه‌ری موزیك، له‌چالاكی قوتابخانه‌كان و هه‌موو كات ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی ئاوه‌ڵابووه بۆ فێركردنی قوتابییه‌كانی، ئه‌م هونه‌رمه‌نده عاشقه به موزیك ده‌یان كار‌و چالاكی ئه‌نجامداوه كه‌لێره‌دا ئه‌سته‌مه له‌هه‌موویان بدوێین چونكه خوێندنه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، کە خاوه‌نی چه‌ندین ئاوازی ناسك و پر چێژی هونه‌رین، ئاوازه‌كانی هونه‌رمه‌ند كه تائێستا له‌به‌ر دڵانن و ڕۆحمان ئارام ده‌كاته‌وه وه‌ك( فریشته ، گوڵاڵه‌ی ژیان، له‌نجه، ڕێزان، سه‌ما، دیلان، نه‌شمیل، ڕۆژباش، گوڵی سوور، شیرین، سه‌رچنار، نه‌ورۆز )ن، هه‌روه‌ها چه‌ندین ئاوازی بۆ منداڵه چاوگه‌شه‌كان داناوهلەوانە؛(هه‌نگ، مناڵ، ئێمه گوڵ و گوڵزارین، خۆشه‌ویستی زه‌وی، ڕێزی مامۆستا و چه‌ندینی تر ).
هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا درێژه به‌ژیانی هونه‌ریی خۆی ده‌دات له‌چالاكی قوتابخانه‌كان تا ساڵی (2002) له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده، چالاكی قوتابخانه‌كانی سلێمانی خانه‌شین ده‌كرێت، به‌داخه‌وه پیری و نه‌خۆشیی فشاری زۆری بۆ ده‌هێنێ و له‌ساڵی (2003) ده‌كه‌وێته سه‌ر جێ و له‌ماڵه‌وه ده‌مێنێته‌وه خوشك و برایه‌كی خزمه‌تی ده‌كه‌ن.
ئه‌م چرا ڕۆشن و گه‌شاوه‌یه‌ی هونه‌ری موزیك، هونه‌رمه‌ند ولییه‌م یوحه‌نا دوای ئه‌و مێژووه لێوڕیژه له‌به‌خشش و تێكۆشانی هونه‌رییه له‌ڕێكه‌وتی( 14/9/2005) بۆ هه‌میشه ماڵئاویی ده‌كات و چاوه‌كانی لێك ده‌نێت، له‌گۆرستانی مه‌سیحییه‌كان له‌شاری سلێمانی به‌خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌سپێردرێت.
سەرچاوەکان؛
جه‌مالی ده‌لاك 22/2/2021 هه‌ولێر
-كتێبی ولیه‌م یوحه‌ننا ژیان و كاری هونه‌ریی ، شنه عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د.
-كتێبی كه‌شكۆڵی نووسینه‌كانم _ هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د.
-گۆڤای چلاواز _ ژماره (21 و 22) كانوونی دووه‌می 2008 .
-به‌رنامه‌ی چراكان _ ژیان و كاری هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا _ ئه‌میر عومه‌ر _ كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس 2006.