سەردێر

تاڵەبانی، لە کەلکانەوە بۆ کۆشکی کۆماری

خەڵک

مام جەلال کوڕ‌ی شێخ حسامەدین کوڕ‌ی شێخ نوری کوڕ‌ی شێخ غەفوورە، ھاوینی ساڵی ١٩٣٣لە گوندی ( کەلکان )ی قەتپاڵی چیای کۆسرەت لە دایکبووە، کە دەڕ‌وانێتە دەریاچەی دوکان، چەند ساڵێکی تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووەو دواتر باوکی بووەتە رێبەری تەکیەی تاڵەبانی لە کۆیە و لەوێ چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەرکەوتوویی قۆناغەکانی خوێندنی تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٤٦ دا لەگەڵ چەند ھاوڕ‌ێیەکی خوێندکار و بە ئامۆژگاری یەکێک لە مامۆستاکانی کۆمەڵەیەکی فێرکاری نھێنی دامەزراندبە ناوی ( کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە )،کە مام جەلال بە سکرتێری ھەڵبژاردرا و ئامانجێکی کۆمەڵەکە ھاندانی خوێندکاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەکی.

لە ھەمان ساڵدا و دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە ١٦ / ی ئابی ١٩٤٦ کەوتە ژێر کاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێکخستنەکانیدا کەوتە چالاکی خوێندکارانە.

دوای چوونە ناوکاری سیاسییەوە، رۆژنامەی ( رزگاری ) کە پارتی دیموکراتی کورد بە نھێنی دەریدەکرد، کورتە وتاری لەژێر نازناوی

( ئاگر ) دا بۆ بڵاو دەکردەوە.

ساڵی ١٩٤٧ بوو بە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کورد و چالاک و لێھاتوو بوو لەو ئەرک و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.

ساڵی ١٩٤٨ ھەڵبژاردنێکی گشتی خوێندکاران ئەنجامدرا بۆ ھەڵبژادنی نوێنەرانی کۆنگرەی گشتی.

تاڵەبانی بەنوێنەری خوێندکارانی کۆیە ھەڵبژێردرا و بەشداری لە یەکەمین کۆنگرەی خوێندکارانی عیراقداکرد کە لە نیسانی ١٩٤٨ لە گۆڕ‌ەپانی ( السباع ) ی شاری بەغداد بەسترا.

* ساڵی ١٩٤٩ تاڵەبانی لەحزبدا سەرکەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی کۆیە.

لە شوباتی ١٩٥١ دا و لە کۆنگرەی دووەمی پارتی دیموکراتی کورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی ھەڵبژێردرا، بەڵام پلەکەی خۆی بە ھەڤاڵێکی خۆی بەخشی کە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە کۆنگرەدا کردبوو.

ساڵی ١٩٥٢چووە کۆلیژی ماف ( حقوق ) لەبەغداد کە ئەو دەمە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێکخستنەکانی حزب تۆکمە بکاتەوە.

لە کانوونی دووەمی ١٩٥٣ دا بەشداریی کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی کرد و لە کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی قوتابیانی کوردستان ھەڵبژێردرا و لە ھەمان ساڵیشدا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ( یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان )، ھەر لەو کاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نھێنێ و ئاشکراکانی عیراقی.

ساڵی ١٩٥٤ بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.

ساڵی ١٩٥٥ سە فەری دەرەوەی عیراقی کرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیھانی لە وارشۆ بەشداری کرد و لەوێوە سەردانی یەکێتی شوورەوی ئەوسا و چینی کرد.

ساڵی ١٩٥٦ کەوتە خەباتی ژێر زەمینی و ناچار بوو لە پۆلی چوارەمی ما فدا خوێندن بەجێبھێڵێت.

لە یەکەمین رۆژی سەرکەوتنی شۆڕ‌شی ١٤ /ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٨، سەرپەرشتی رێکخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی کرد و بە ھاوکاری ھەڤاڵانی حزب لە نێو شاردا، پاشان چووە بەغداد و بەشداریی لە کاروباری مەکتەبی سیاسی و دەرکردنی گۆڤاری ( رزگاری ) ( التحریر ) دا کرد، ھەروەھا ئەرکی ئەو خەباتەی لە ئەستۆ گرت کە لە نێو ریزەکانی حزبدا فراوان دەبوو، وەک پێویستییەکی بوونی حزبێکی پێشڕ‌ەوی کوردستانی و رێکخراوە پێشەییەکان بەرھەڵستکاری کردنی ئەو ھەوڵانەی کە دەیانویست پارتی دیموکراتی کوردستان بکەنە پاشکۆی حزبێکی عیراقی.

ساڵی ١٩٥٩جارێکی تر بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتدا ئە فسەری یەدەکی کەتیبەی چوارەمی تانک بوو، ھەروەھا بەشداری لە دەرکردنی رۆژنامەی ( خەبات ) دا دەکرد کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، وە بە ناوی ( پیرۆت ) ەوە وتاری تێدا بڵاودەکردەوە.

ساڵی ١٩٦٠ بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو کە خولێکی ھۆشیاری بۆ کادێرەکان کردەوە.

ساڵی ١٩٦١بووە سەرنووسەری رۆژنامەی ( کوردستان )و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راوونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی ھەمان ساڵدا وتارێکی دژی دیکتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لە مەلا مستەفا، کرد.

لە ئەیلولی ١٩٦١ دا کە شۆڕ‌ش ھەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو.

لە نەورۆزی ١٩٦٢دا، سەرکردایەتی ئەو ھێڕ‌شە بەر فراوانەی کرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەست بەسەر ھەموو بنکەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتە و چوارتادا گیرا و ھێزەکانی بەرەو قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەکەیان ئازاد کرد.

ساڵێ ١٩٦٣ و دوای کودەتا رەشەکەی شوبات، مام جەلال بەسەرۆکی وەفدی کوردی دەستنیشانکرا بۆگفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی تازەدا کە لەسەرتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی رەوایکورد نیشاندا، ھەروەھا سەردانی کۆماری میسری و جەزائیری کردو چاوی بەعەبدولناسر و بن بێلا کەوت و لە ھەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای کرد و نوێنەرایەتی شۆڕ‌شی کوردستانی کرد و سەرکەوتوو بوو بۆ ناساندنی کێشەی کورد و ئاشکرا کردنی بارودۆخی کوردستان و کۆکردنەوەی یارمەتی و ھاوکاری بۆ شۆڕ‌ش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیکسلۆ فاکیا و نەمسا.

ساڵی ١٩٦٤ گەڕ‌ایەوە کوردستان و ئەرکی خۆی لە فەرماندەیی کردنی ھێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.

ساڵی ١٩٦٧ بەشداری لە کۆڕ‌ی ( ئیشتراکیەکانی عەرەب ) کرد لە جەزائیر و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بە پێزی دەربارەی کێشەی کورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و دۆستایەتی نێوان کورد و عەرەب پێشکەشکرد.

ساڵی ١٩٧٠ رۆڵی کاریگەری خۆی بینی لە یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناکۆکیەکی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا ھەبوو.

ساڵی ١٩٧٢سە فەری دەرەوەی عیراقی کرد و ماوەیەک لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕ‌شی کورد کە لە ئەنجامی رێکەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری ١٩٧٥ لە جەزائیر ئیمزا کرا، تاڵەبانی ھەر لەو ناوچانەدا مایەوە.

لە ٠١ / ٠٦ / ١٩٧٥ لە دیمەشق لەگەڵ دەستەیەک لە ھەڤاڵانیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی دامەزراند، و نەخشەی بۆ ھەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا کە لە ٠١ / ی حوزەیرانی ١٩٧٦ راگەیەنرا، و بووە سکرتێری گشتی یەکێتیی.

دوای ئازادکردنی عێراق بەئەندامی ئەنجوومەنی حوکم ھەڵبژێردرا و لەمانگی نۆڤەمبەری ٢٠٠٣دا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی کرد.

لە ٠٦ / نیسانی ٢٠٠٥، مام جەلال ٢٢٧ دەنگی لە کۆی ٢٤٨دەنگی ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بە دەستھێنا و بە ھەڵبژاردنێکی راستەوخۆ بە یەکەمین سەرۆکی ھەڵبژێراوی عیراق ھەڵبژێردرا.

رۆژی ٣-١٠-٢٠١٧ لەئەڵمانیا لەتەمەنی ٨٤ساڵیدا بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد.