سەردێر

پیرەمێرد، لەمزگەوتی هەمزاغاوە تا گردەکەی مامە یارە

خەڵک
تۆفیق مەحموود هەمزە ناسراو بە پیرەمێرد و حاجی تۆفیق بەگ (1867- 1950) شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو، لە سلێمانی لەدایکدەبێ و لە لاویدا زانستی ئایینی دەخوێنێت.
شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە 1898دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلیژی یاسا دەخوێنێت و لە حکومەتی عوسمانیدا لە چەند پۆستی ئیداری و سیاسیدا دادەمەزرێ، لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە 1925 و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی هەر لەوێ خەریکی کاری ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی دەبێ.
ناوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی هەمزاغای مەسرەفە. لە ساڵی 1867 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە. لە تەمەنی شەش حەوت ساڵیدا، لە سلێمانیدا نێرراوەتە حوجرە و مزگەوت و پاش ماوەیەک ئەبێ بە فەقێ لە مزگەوتی هەمزاغای باپیری و لای مەلا مەحمود ناوێک دەستدەکات بە خوێندن و فێربوونی عەرەبی و وانەی ئایینی. لە خوێندنی عیرەبیدا دەچێتە پێشەوە و دەست ئەکا بە خوێندنی سیوتی. پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی شاری سلێمانی گەڕاوە ئەوسا ڕووی کردۆتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان(1). کە لە بانەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لە 1882 دا لەتەمەنی 15 ساڵیدا، کراوە بە نووسەری بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامە لە سلێمانی. لە 1883 دا کراوە بە نووسەری ئەملاکی هومایۆنی لە هەڵەبجە. لە 1886دا کراوە بە سەرنووسەری دادگای شارباژێڕ، ئەو دەمە پێیان وتووە (باشکاتب). لە 1895 دا کراوە بە یاریدەری داواکاری گشتی لە کەربەلا، بەڵام ئەو کارەی بەدڵ نەبووە و وازی لە فەرمانی میری هێناوە.
شێخ مستەفای نەقیب کردوویەتی بە جێگری خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و ژیانێکی باش و لەباری بۆ گونجاند. لەسەر بانگهێشتی سوڵتان عەبدولحەمید، شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید کاروانێک ڕێکدەخەن لە 1898 دا دەچن بۆ تورکیا، پیرەمێرد هاوسەفەریان دەبێت. ساڵی 1899 شێخ سەعید و پیرەمێرد پێکەوە چوون بۆ حەج و لە گەڕانەوەیاندا بۆ ئەستەنبوڵ سەید ئەحمەدی خانەقا و وەفاییی شاعیریشیان لەگەڵ دەبێ، وەفایی لە ڕێگا کۆچی دواییکردووە.
لەساڵی 1899 دا بەفەرمانی شاهانە دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ. بەهۆی عیزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ لە کۆلیژی یاسا دەخوێنێت، بڕوانامەی یاساناس وەردەگریت. لە 1905 تا 1908 لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە. لە 1907 دا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی کورد کە بە نهێنی پێکهاتبوو بە سەرۆکایەتی شێخ عەبدولقادری شەمزینی.
لە ئەیلوولی 1909 دا بووە قائیمقامی چۆڵەمێرگ
لە نیسانی 1912 دا بووە قائیمقامی قەرەمورسل
لە شوباتی 1915 دا بووە بە قائیمقامی بالاوا
لە ئەیلولی 1916 دا بووە بە قائیمقامی بیت الشباب
لە مارتی 1917 دا بووە بە قائیمقامی گموش کوی. لەهەمان ساڵدا بەهەمان پلە چۆتە ئیتەپازاری، هەگەلی ئوتە کە دورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە.
لە نیسانی 1918 دا بووە بە پارێزگاری (موتەسەڕیف) شاری ئەماسیە لە تورکیا. تاکوو ساڵی 1923 لەوێ بووە.
حاجی تۆفیق کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و هەرزەکاری لە تورکیادا ڕابواردبوو و لەوێ ژنێکی هێنابوو دوو کوڕی (نەژاد و وەداد) لێ هەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانیەوە دەست ئەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆناردوە وە داوای گەڕانەوەیان لێکردوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بە هۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەهۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی 1923 پیرەمێرد، ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ ئەهێڵێت و لەڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەب دا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. هەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بەهەواڵێک بڵاودەکاتەوە: (جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لەوەتەن دوورکەوتۆتەوە، شەوی 30ی کانونی دووەمی 1925 تەشریفی هاتەوە مەملەکەتەکەمان، بەقدومی ئەم زاتە زۆر مەسرور و خۆشحاڵە، بەناوی هەموو خۆوڵاتییەکەوە بەخێرهاتنی دەکەین) (2).
پیرەمێرد تا دواهەناسەی ژیانی بە ڕۆژنامە و نووسینەوە خەریک بووە، تا لە 19ی حوزەیرانی 1950 دا، بەرانبەر بە 4ی ڕەمەزانی 1369ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی 83 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییکردوە. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەوەی جاران مەڵبەندی ئاهەنگ گێڕانی جەژنی نەورۆزی بوو، بەرامبەر بە ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان بووە، لەوێدا نێژراوە.

 

ڕۆژنامەنووسی
پیرەمێرد لە ساڵەکانی یەکەمی گەیشتنی بە تورکیا و هەر لەو کاتەوە کە ئەندامی مەجلیسی عالی ئەستەنبوڵ و خوێندکاری کۆلیژی یاسا بووە، دەستی کردووە بە نووسین و وەرگێڕانی شیعر و وتار و زیندووکردنەوەی وێژەی کوردی و ناساندنی بەو جیهانە نوێیە. لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا یا خاوەن و سەرنووسەر بووە یاخود لە دەستەی نووسەراندا بووە و نووسەرێکی چالاک بووە.
کاتێک لەساڵی 1924 دا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی پاش 25 ساڵ ژیان لەتورکیا(3)، وای چاوەڕواندەکرد ئەو وڵاتەی لە 1898 جێی هێشتووە گۆڕابێت و لەبارودۆخێکی جیاواز و پێشکەوتوودا خۆی بنوێنێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان و بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆی تیادا بەدی نەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەو لە پلەوپایەی موتەسەڕیفی شاری ئەماسییەی تورکیاوە هاتبۆوە، بەهیچ جۆرێک بەلای پایەبەرزی و کورسی وەزارەت و نوێنەرایەتی گەل و پلەی فەرمانبەری میریدا نەچوو، ڕۆژنامەی بەپێشتر و پێویستتر زانی، ئەم بڕوایەشی لەخۆیەوە نەهێنابوو، بەڵکو ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن بوو لە ئەستەنبوڵ، لەو دەمەدا ئەستەنبوڵ قیبلەی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و ئەدەب بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیهان بەیەک دەگەیشتن، جیهانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژهەڵات، وەجیهانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەورووپا(4). پیرەمێرد دەیویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەرئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بەمەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا، زۆرجار دەینووسی کە میللەت تا خوێندەوار نەبێت هەنگاوێک نانێت. هەر لەبەرئەمەش بوو کە لە قوتابخانەی زانستی دا دەوری ڕابەر و دامەزرێنەری بینی. لەلایەکی تریشەوە دەوری پێشڕەوی بینی لە کردنەوەی قوتابخانەی کچاندا لە سلێمانی و هاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە. لەبەرامبەر ئەم کارەیدا تووشی گەلێ هێرش و توانج بوو بەڵام دیسان کۆڵی نەئەدا، و گەرمتر و جوانتر شیعری بۆ کچان و قوتابخانەی کچان دەگوت.
پاش گەڕاندەوەی لە تورکیا، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا ئەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی توخنی کاری میری بکەوێت، لە ساڵی 1926 دا لە مانگی کانوونی یەکەمدا شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەرئەهێنێت بە سەرۆکایەتی حسێن کازم و پیرەمێردیش ئەکرێت بە سەرپەرشتکاری ڕۆژنامەکە.
لە ساڵی 1932 دا حسێن کازم کۆچی دوایی دەکات و پیرەمێرد دەکرێت بە بەڕێوبەری ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی 1934دا چاپخانەکەی شارەوانی بەکرێ ئەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان ئەگۆڕێتە سەرخۆی.
لە ساڵی 1937 دا لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام پیرەمێرد هەر کۆڵنادات ئەچێت خانووەکەی ئەخاتە ڕەهنی بەڕیوبەرایەتی “هەتیوان”ەوە، مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەرئەگرێت وە بە ناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری ئەهێنێت و چاپخانەی ژینی دادەمەزرێنێت.
لەو ڕۆژنامە و بڵاوکراوانەی کە پیرەمێرد بەشداری تیا کردوون:
ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب لە ئەستەنبوڵ دەردەچوو. خاوەنی ئیمتیاز پیرەمێرد بوو.
ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی بە دوو زمانی کوردی و تورکی لە ئەستەنبوڵ دەردەچوو، لە 9ی تشرینی دووەمی 1908 تاکوو حوزەیرانی 1909 بەردەوام بووە. خاوەنی ئیمتیاز حاجی تۆفیق بەگ بووە و سەرنووسەرەکەی ئەحمەد جەمیل پاشا بووە. لەو دەمەدا دەنگی کۆمەڵەی کورد بووە کە شێخ عەبدولقادری شەمزینی سەرۆکی بووە.
ڕۆژنامەی مسەوڕ موحیت (مصور محیط) کە پیرەمێرد لەگەڵ فایق سەبری بەگ دەریدەکرد.
گۆڤاری ژین لە ئەستەنبوڵ لە ساڵانی 1918 و 1919 بە دوو زمانی کوردی و تورکی دەرچووە، پیرەمێرد لە زۆربەی ژمارەکانیدا شیعر و نووسین و وەرگێڕانی هەیە.
ڕۆژنامەی شەمس لە تاران دەردەچوو، ئەو کاتەی لە تورکیا بوو زۆر جار شیعر و نووسینی ئەنارد بۆ تاران بۆ بڵاوکردنەوە، ئەم ڕۆژنامەیە سەید حسێنی ئێرانی خاوەنی بوو.(5).
ڕۆژنامەی ژین کە خۆی لە سلێمانی چاپیدەکرد. وەک درێژکراوەیەکی ڕۆژنامەی ژیان. ڕۆژنامەی ژین 553 ژمارەی لێ چاپکرا. یەکەم ژمارەکەی لە 1939دا دەرکرد و تا کۆچی دواییی کرد لە 1950 دا بەردەوامبوو و بە ژمارە 1015ی گەیاند. دوای خۆیشی جەمیل سائیب و نووری ئەمین بەگ و گۆران و ئەحمەد زرنگ بەرودوا تا ساڵی 1963 گەیاندیانە ژمارەی کۆتاییی (1714). ئەمڕۆکە بنکەی ژین لە سلێمانی لە هەوڵی دەرکردنی گۆڤارێکدان بەناوی گۆڤاری ژین(6)
بەدەر لەوانەی سەرەوە، پیرەمێرد لەگەلێک بڵاوکراوەی تردا دەست ڕەنگینی خۆی لە نووسیندا نیشانداوە و چالاک بووە:
گۆڤاری فەرهەنگ و ڕۆژنامەی (شفق سرخ) کە لە تاران دەردەچوون، پیرەمێرد دەڵێت: (هەمیشە من لە ئەستەنبوڵەوە مەقالەو شیعرم بۆ ئەناردن)(5).
زۆرجار سەروتاری بۆ ڕۆژنامەی (ئیقدام) و (حوڕییەت) ئەنووسی.
گۆڤاری ئیجتیهاد لە ئەستەنبوڵ لە ساڵەکانی 1904-1912 لەلایەن عەبدوڵڵا جەودەتەوە دەردەچوو. پیرەمێرد بەرهەمی خۆی تیا بڵاوکردۆتەوە(7). لەمبارەیەوە دەڵێت: (عەبدوڵلا جەودەت) لەپاش مەشروتییەت کە لە ئەوروپاوە هاتەوە، لە ئەستەمبوڵ بوو، زۆرتر لەهەموو کەس من لە خزمەتیا بووم، خۆم و نەژادی کوڕم بە (نەزم و نەسر) لە مجەلەکەیدا خزمەتمان هەیە).
لە ڕۆژنامەی (ترجماتی حقیقت)ی مامۆستا موعەلیم ناجی کە لە تورکیا دەردەچوو شیعری بڵاوکردۆتەوە.
شیعر و نووسینی ناردوە بۆ ڕۆژنامەی تان کە لە پاریس دەردەچوو، بەهۆی داوود حەیدەری کوڕی ئیبراهیم حەیدەرییەوە، کە لە دەرچووانی خوێندنی باڵای فەڕەنسا بوو.
بەرهەمەکانی پیرەمێرد
جگە لە جێدەستی لە ڕۆژنامەگری کوردیدا، پیرەمێرد خاوەنی دیوانێکی شیعرییە، کە چەندین جۆر و بواری شیعری تیا بەدی دەکرێت؛ کۆمەڵایەتی، فەلسەفە، ڕامیاری و هتد(1) بەرهەمەکانی بەناوی (حاجی تۆفیق بەگ)ەوە بڵاودەبوەوە، کاتێک کە پیرەمێرد لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، تەمەنی بەرەو پیربوون دەچێت، کە ساڵی 1932 شیعری (بەیانی بوو لەخەو هەستام) بڵاودەکاتەوە، بۆ یەکەمجار نازناوی پیرەمێرد بۆخۆی هەڵدەبژێرێت و دەینووسێت(8)، لەوەبەدواوە بە پیرەمێرد دەناسرێت. کە لە تورکیا بوو بەناوی جیاجیا شتی بڵاوکردۆتەوە: سلێمانیەلی توفیق، س.ت، سلێمانیەلی مەحمود نەژاد، سلێمانیەلی م. نەژاد تۆفیق، م.م، سلێمانیەلی وداد، اسماعیل وداد.
پیرەمێرد خۆی لەیاداشتەکانیدا باسی دەکات و بە بەرهەم و کاری ئەدەبیش ساخ بۆتەوە، کە بەچاکی زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی زانیوە. لە نووسینی فارسیدا دەستێکی زۆر باڵای هەبووە وەکو ئەڵێن لەو دەمەی خۆیدا مەگەر تەنیا سلێمان بەگی باوکی گۆران، لە ئاستی پیرەمێرد لە فارسیدا شارەزایی بوبێت. خوێندنی ئەو کاتەی پیرەمێرد لە کوردستاندا زیاتر فارسی بووە و تێکەڵ بوونی تورکیش لە کوردستاندا بەهۆی دەوڵەتی عوسمانی و کار و فرمانی ڕەسمییەوە و مانەوەی پیرەمێرد 25 ساڵ لە تورکیا، و ئەو نووسین و شیعرانەی بەتورکی بڵاوی کردونەتەوە.(1).
کتێب و چاپکراوەکانی
پیرمێرد خاوەنی چەند کتێبێکە، لەو کتێبە چاپکراوانەش (9):
دیوانی مەولەوی (ئەسڵ و ڕۆح)، ساڵی 1935 لەچاپخانەی خۆی بە دوو بەرگ لەچاپی داون.
چیرۆکی مەم و زین
دوانزە سوارەی مەریوان، 1935
کتێبی پەندی پێشینان، 1936
چیرۆکی محمود ئاغای شێوەکەل،1942
گاڵتەوگەپ ساڵی 1947، بریتییە لە هەندێک ڕووداوی خۆشی ناو کۆمەڵی کوردەواری، هەم بۆ پێکەنین و هەم بۆ پەند وەرگرتنە.
دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی – بەزنجیرە لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاوی دەکردەوە.
شیعرەکانی وەلی دێوانە و بێسارانی، ئەوی دەستی کەوتبێ، لە هەورامییەوە کردوویە بە شێوەی سلێمانی.
شیعری گەلێ لەشاعیرانی هەورامان و زەنگەنەی بە شێوەزاری سلێمانی بڵاوکردۆتەوەوەک: شەفیع، مەلا وەلەدخان، مەجزوب، فخرالعلما، مەلای جەباری، عەبدوڵلابەگی زەنگەنە و هتد.
زنجیرە وتارێک دەربارەی مێژووی میرنشینی بابان و خیڵ و تیرەکانی جاف، و گەلێک ڕووداوی مێژوویی گرنگ.
لەو کتێبانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کورد:
گەشتی هۆنەرمەندێک لە جیهاندا
ڕۆمانی کەمانجەژەن، 1942، لە تورکییەوە کردویەتی بە کوردی.
کاکەی فەلاح پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە کەس و کاری پیرەمێرد، هەندێک لەم کتێبانەی سەرلەنوێ لە چاپدایەوە (10).
پەندەکانی پیرەمێرد
پیرەمێرد خاوەنی کۆمەڵێک پەندە کە لە پەندی پێشینانی کوردییەوە هەڵقوڵاون و لە ناو هۆنراوەکانیدا هۆنیونییەتەوە، کەژمارەیان دەگاتە 4800 پەند، زۆربەی پەندەکانی ڕۆژانە دەینووسی و لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوی دەکردنەوە، پاش مردنی خۆی، کاکەی فەلاح کۆی کردوونەتەوە و ڕێکیخستوون و لە دووتوێی کتێبێکدا چاپکراون(11).
نموونەی پارچەیەک لە پەندەکانی پیرەمێرد:
وتیان بە ڕێوی شاهیدت کێیە؟|وتی کلکی خۆم، باوەڕم پێیە
حەزدەکەی دوور بی لە گێرە و کێشە|بەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕابکێشە
بەسمان بەسەردا لێدە گیزو فیز|پێوەدان خۆشە نەوەک ویزەویز
لە شارو لادێ ئەم نەقڵە باوە|گیای شین بە جێگای سەختەوە ماوە
شەڕنەکەر پیشەی زوو دانیشتنە|بەردی زل بەڵگەی نەهاویشتنە
ئاو بتبا مەچۆ سەر پردی نامەرد|چش با بخنکێی بە سەد ئێش و دەرد
وتیان پشیلـە، گووت بە دەرمانە|دایپۆشی بە خۆڵ ئەو بێویژدانە
شوێن بۆ سەر پیشەی خۆی دەچێتەوە|گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە
قەل ئەڵێن لاسای کەوی کردەوە|ڕۆینەکەی خۆیشی لەبیر بردەوە
مەشهورە بزن بۆ تاقە شەوێ|جێگای خۆش دەکا لە کوێ وەرکەوێ
ناشکوری مەکە بەم بەشە کاکە|لە قوڕ ئەوەندە تۆز هەستێ چاکە
پەراوێزەکان
↑ 1٫0 1٫1 1٫2 (پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی)، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئومێد ئاشنا ل10-50
↑ ڕۆژنامەی ژیانەوە – ژمارە 14، 2ی شوباتی 1925
↑ بڕوانە شیعری “ئەوا ڕووم کردە تۆ ئەی دایکی موشفق”
↑ پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی – ئومێد ئاشنا: ل65 ول66
↑ 5٫0 5٫1 ڕۆژنامەی ژین – ژمارە 855 ساڵی 1947
↑ گۆڤاری ژین – بنکەی ژین بۆ بوژاندنەوەی کەلەپووری بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی کوردی
↑ ژیان و بەرهەمی عەبدوڵلا جەودەت – گۆڤاری کاروان، ژمارە 37، ساڵی 1985 ل4-12
↑ ڕۆژنامەی ژیان – ژمارە 312 ساڵی 1932
↑ ئومێد ئاشنا سەرچاوەی پێشوو: لاپەڕە 61 تا 63
↑ دیوانی پیرەمێرد – بەرگی یەکەم – پێشەکی
↑ پەندەکانی پیرەمێرد – کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی کاکەی فەلاح – بەغداد 1980
سەرچاوەکان
خۆزگە – پیرەمێرد ماڵپەڕی خۆزگە – ژیاننامەی شاعیرانی کورد
پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئومێد ئاشنا، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، 2001
دیوانی پیرەمێرد (بەرگی یەکەم)، کۆکردنەوە و ساخکردنەوە و پێداچوونەوەی دەستەیەک لە نووسەرانی کورد، وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەغدا، 1990
ئامادەکردن داناز عەبدولرەحمان


هەلبژاردە

گرنگترینەکان