سەردێر

“زیاتر لە 240 هەزار گەشتیار دێنە هەرێم”

خەڵك ـ نزار جەزا

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم چاوەڕێ دەكات، لەماوەی ڕۆژانی پشووی جەژنی قورباندا زیاتر لە 240 هەزار گەشتیار ڕوو لەهەرێمی كوردستان بكەن.

نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، تائێستا ئامارێكی وردیان لەبەردەست نییە، بەڵام بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار گەشتیار ڕوویان لەهەرێمی كوردستان كردووە.

لەجەژنی قوربانی ساڵی 2019دا زیاتر لە 240 هەزار گەشتیار ڕوویان لەهەرێمی كوردستان كرد، بەڵام لەساڵی 2020دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ڕێژەی گەشتیار زۆر كەمبوو.

ناوبراو لەبارەی پێشبینییەكانی دەستەی گەشتوگوزار بۆ ڕێژەی گەشتیار لەجەژنی قوربانی ئەمساڵدا ئاماژەی بەئەوەدا، چاوەڕێ دەكرێت ڕێژەی گەشتیار لەئەم جەژنەدا بەراورد بەجەژنی قوربانی ساڵی 2019 بەرزتر بێت و 240 هەزار تێپەڕێنێت.

نادر ڕۆستی ئەوەشی باسكرد، لەلایەن دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەشتوگوزارەوە ئامادەكاری بۆ هاتنی گەشتیار كراوە و لیژنەی تایبەتیان بۆ دروستكردووەو شوێنە گەشتیارییەكانیش ئامادەكارییان كردووە، هاوكات لەبازگەكانیش كارئاسانی بۆ هاتنی گەشتیار كراوە.

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە 620 ئوتێل و زیاتر لە 360مۆتێل و زیاتر لە 50 گوندی گەشتیاری بەفەرمی تۆماركراون، كە بەهەموویەوە توانیویانە زیاتر لە 70 هەزار شوێنی نوستن بۆ گەشتیاران دابینبكەن، ئەمە جیا لەوەی هەندێك شوێنی دیكە هەن، كە بەفەرمی تۆمارنەكراون.

لەكاتی بۆنەكاندا گەشتیارێكی زۆر لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە ڕوو لەهەرێمی كوردستان دەكەن، بەمەبەستی وەرگرتنی پشوو و بینینی دیمەنە سەرنجڕاكێشە سروشتییەكانی كوردستان.