سەردێر

رۆژئاوای كوردستان لەپێش هەڕەشەی بێئاویدایە

كەمئاوی هەڕەشە لە ژیانی 3 ملیۆن كەس دەكات

خەڵك-

رووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە چواری ئەم مانگە رایگەیاند ئاستی ئاوی رووباری فوڕات بۆ یەكەمجار لە مێژوودا پێنج مەتر كەمی كردووە بەهۆی گرتنەوەی ئاوەكە لەلایەن توركیاوە كە ئێستا بڕەكەی ناگاتە 200 مەتر چوارگۆشەی دووجا، ئەمەش پێچەوانەی رێككەوتنی ساڵی 1987ە.

رووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ هۆشداری داوە لە دروستبوونی كارەساتێكی مرۆیی نزیك كە هەڕەشە لە سەر ژیان و گوزەرانی زیاد لە 3 ملیۆن سووریایی دەكات كە پشت دەبەستن بە ئاوی رووباری فوڕات بۆ ئاوی خواردنەوە و كارەبا و ئاودێری و چاندن.

سەرچاوەی ئاوی رووباری فوڕات لە توركیاوە دێت دەچێتە سووریا و لەوێوە بۆ خاكی عێراق.

لە شاری جەرابلووسی ریفی حەلەبەوە رووباری فوڕات دەچێتە نێو سوریاوە و لە شاری بوكەمالەوە دەردەچێت بەرەو عێراق لە شاری قائیم لە پارێزگەی ئەنبار لە خۆرئاوای عێراق.

رووباری فوڕات لە عێراق بە پارێزگەكانی بابل و كەربەلا و نەجەف و دیوانییە و موسەنا و زیقار تێدەپەڕدەبێت بۆ هۆڕەكانی باشووری عێراق و دواتر لەگەڵ رووباری دیجلەدا یەك دەگرێت، شەتی عەرەب پێكدەهێنن لەگەڵ كەنداو یەك دەگرنەوە.