سەردێر

شارباژێڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی ئامادەسازی دەكات

خەڵك

قائیمقامییەتی چوارتا و بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی كشتوكاڵ و ئاوی شارۆچكەكانی (ماوەت و چوارتا) ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكە ساڵی دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە28/4/2021 لە شارۆچكەی چوارتا مامۆستا شاھۆ قائیمقامی چوارتا و وە بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی كشتوكاڵ و ئاوی شارۆچكەی (ماوەت و چوارتا) بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی لە شارباژێڕ بە گشتی كۆبوونەوە چەند تەوەرێكیان خستەڕوو.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاریاندا كە هەوڵبدەن بۆ ڕیكخستنی ئاوی چەمی كەناروو- سنكێ- واژە – خێوەتە، بە شێوازێك بە پلەی یەك بتوانرێت ئاوی خواردنەوەی سنوورەكە كێشەی بۆ دروست نەبێت، هەروەها، ئاگاداركردنەوەی جوتیارانی دەوروبەری ئەو چەمە كە دەبێت ئاگادار بن و ئاوی چەمەكە زۆر كەمی كردووە و كشتوكاڵی زۆر نەكەن تا تووشی زیان نەبن.

جەختیشیان كردەوە، ھەوڵبدرێت لە كاتێكدا حكومەت ڕێكار و پڕۆژەی ھەبوو، شارباژێر ھەردوو شارۆچكەی (ماوەت و چوارتا) پشكی خۆی بۆ وەرگیرێت و ھەوڵبدرێت داواكاری و كێشەكانی سنوورەكە بگەیەنرێتە لایەنی پەیوەندیدار و ھەموو توانا و ڕیكارەكان بگیرێتە بەر، تا ئەم سنوورەی ئەوان بە كەمترین زیان دەرچێت لەم ساڵی وشكە ساڵییەدا.

ئەمەش لە كاتێكدایە، بەهۆی كەمی بارانبارین و وشكەساڵییەوە سەرچاوە ئاوییەكانی سنووری شارباژێڕ بەرەو وشكبوون دەچن و كامەران حەسەن قائیمقامی شارۆچكەی ماوەتیش ڕایگەیاندبوو، ئەمساڵ ساڵێكی سەخت دەبێت و پێدەچێت مانگێكی تر گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەكانی سنوورەكە دروست ببێت.