سەردێر

ئەمڕۆ لوتكەی كەشوهەوا دەبەسترێت

غازی خەڵووز ساڵانە هۆكاری مردنی 4 ملیۆن كەسە

خەڵك-

ئەمڕۆ پێنج شەممە سەرۆك و رێبەری زیاد لە 40 دەوڵەت لە جیهاندا لەسەر بانگێشتی ئەمریكا لوتكەیەك دەبەستن بۆ تاوتوێكردنی پیسبوونی زەوی كە بووە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، كە ئەمە كاریگەری لەسەر هەموو بوونەوەرێكی زیندوو لەسەر زەوی دروست كردووە.

نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت: پێویستە رێژەی غاز و پێسبوونی زەوی بە رێژەی 7.6% كەمبكرێتەوە تا ساڵی 2030.

لە ئەم لوتكەیەدا كە 40 دەوڵەت بەشداری دەكەن، 17 دەوڵەتیان بەرپرسن لە پیسبوونی 80%ی زەوی .

نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت چوار دەوڵەتی گەورە چین، ئەمریكا، یەكێتی ئەوروپا و هیندستان 55%ی پیسبوونی زەوییان بەردەكەوێـت.

ئەمریكا بانگێشتی ئەم لوتكەی كردووە، بەڵێنی داوە بە رێژەی 50% تا ساڵی 2030 گەرمبوونی زەوی كەمبكاتەوە.

چین گەورەترین پیسكەری ژینگە و سەرچاوەی غازی كاربۆنە لە جیهاندا، بەڵێنی داوە ئەم رێژەیە بۆ 60% كەمبكاتەوە تا 2030.

هیندستان لە دوای چینەوە دێت كە بووە بەهۆكاری گەرمبوونی زەوی بە ڵێنی داوە بۆ 35% رێژەكەی كەمبكاتەوە و یەكێتی ئەوروپاش بەڵێنی داوە بیگەیەنێتە 55%.

بەپێی توێژینەوەكان غازی دەرچوو لە سوتەمەنی خەڵووز ساڵانە هۆكاری مردنی 4 ملیۆن كەسە.