سەردێر

ساڵوەگەڕی ڕۆژی ژینگەیە

چاوەڕێی هەنگاوی كرداری دەكرێت بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان لە بەرپرسان لەبری كۆنفرانس و چالاكی

خەڵك-

ئەمڕۆ رۆژی ژینگەیە لە هەرێمی كوردستان بەم بۆنەیەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێك چالاكی ژینگەیی بەڕێوەدەچێت.

ساڵوەگەڕی رۆژی ژینگە لە هەرێمی كوردستان لە ئەمساڵدا لە حاڵێكدایە زۆرترین زیان بە ژینگەی كوردستان گەیەندرا لەلایەن گەشتیارانەوە لە كاتی گەشتەكانی بەهار و نەوروزدا لە ماوەی 3 هەفتەی رابردوودا.

پسپۆڕانی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان چەند جارێك هۆشدارییان دایە هاووڵاتیان و فەرمانڕەوایانی هەرێمی كوردستان كە ئەمساڵ گەورەترین گورز لە ژینگە دراوە.

ئەمساڵ گەشتیاران و سەیرانكەرانی خێوخۆیی و دەرەوەیی لە ماوەی 3 حەفتەی رابردوودا بوونەهۆكاری پیسبوونی ژینگە و بەجێهێشتنی پاشماوەیەكی بێشوومار لە مادەی زیان بەخش لەنێو سەوزایی و دەشت و دۆڵ و چیا و سەرچاوەی چۆم و كانی و كارێزەكان، لایەنە پەیوەندیدارەكانی ژینگەی، بەپێی پێویست نەیانتوانی رێگری لە پێسبوونی ژینگە بكەن یان بتوانن پاشماوەكان كۆبكەنەوە.

لە هەرێمی كوردستان نەتوانراوە هەستی ژینگەپارێزی لای هاووڵاتیان دروست بكرێت، بۆیە لە كاتی چوونە سەیران و دەرەوە دوای تەواوبوونی گەشتەكانیان هەرچی پێیانە جێی دەهێڵن، حكومەت و لایەنی پەیوەندیداریش رێوشوێنی لە دژی ئەو كەسانە یان رێگری لێیان نەگرتووەتەبەر.

هێرشەكان بۆ سەر ژینگەی كوردستان ئەمساڵ هەر بە پیسكردنەوە نەوەستە، بەڵكو گەیشتە كوشتنی ئاژەڵی كێوی لەلایەن گەشتیارانەوە بە چەك.

كێشەیەكی دیكە كە بەرۆكی ژینگەی كوردستانی گرتووە لە ئەمساڵدا وشكەساڵی و كەمبارانییە، كە زیانێكی زۆر دەدات لە سەوزایی و دارستانی كوردستان و بەرهەمی جوتیاران و دەشبێـتەهۆی وشكبوون و كەمبوونەوەی ئاوی سەرچاوە سروشتییەكان.

دوێنێ لەلایەن دەستەی ژینگەی هەرێمەوە هەفتەی ژینگە بۆ كۆمەڵێك چالاكی راگەیەنراوە، بەڵام پسپۆڕان و ژینگەپارێزان داوای هەنگاوی خێراتر و كرداری گەورەتر لە چالاكی و رێوڕەسم دەكەن.