سەردێر

گازی دووەم ئۆكسیدی كبریت چییە؟

خەڵك

ئەفسەری ڕێنمایی و ڕاگەیاندن لە بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت: گازی دووەم ئۆكسیدی كبریت، بۆنێكی توندی هەیە ئەگەر بەڕێژەیەكی چڕ بڵاوببێتەوە كار لە تەندروستی مرۆڤ دەكات.

ڕائیدی پۆلیس سەركەوت كاڕەش ئەفسەری ڕێنمایی و ڕاگەیاندن لە بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت: گازی دووەم ئۆكسیدی كبریت گازێكی ژەهراوییە هێما كیمیاییەكەی So2 لەكاتی چالاك بوونی گڕكانەكان پەیدا دەبێت هەروەها لە سەرچاوە نەوتییەكانیش بوونی هەیە.

ئاماژە بەوەش دەكات: ئەم گازە ڕەنگی نییە، بەڵام بۆنێكی توندی هەیە ئەگەر بەڕێژەیەكی چڕ بڵاوببێتەوە كار لە تەندروستی مرۆڤ دەكات.

سەبارەت بە كاریگەرییەكانی ئەو گازە ڕائیدی پۆلیس سەركەوت كاڕەش ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵێت: كاریگەری دەبێت لەسەر تۆڕی چاو، هەروەها كار لە بۆری هەناسە دەكات و كاریگەری لەسەر پێست هەیە.

لەبارەی خۆپاراستنیشەوە ئەفسەری ڕێنمایی و ڕاگەیاندن لە بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر ئەوەدەخاتەڕوو: هەوڵبدە تا كاریگەرییەكەی تەواو دەبێت دەمامك ببەستە، هەروەها ئەوانەی نەخۆشی ڕەبۆیان هەیە باشترە لە ماڵ بمێننەوە، لە هەمانكاتدا ئاگاداری منداڵان بن مەهێلە بەبەردەوامی لە دەرەوە بن و بەساڵاچووان زۆر ئاگاداری خۆیان بن كاری پێویست نەبێت باشترە لە ماڵ بمێننەوە، ئافرەتانی دووگیانیش خۆیان بپارێزن.

ڕائیدی پۆلیس سەركەوت كاڕەش ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی دەزگای كەشناسی عیراق پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات، چونكە چڕییەكەی كەمە بە ئەندازەیەكی زۆر كاریگەری نابێت.