سەردێر

ڕاوچییەک لەكاتی ڕاوی كەو دەستگیر دەكرێت

خەڵك-

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان مافیان هەیە بە ئازادی بژین و دەشڵێت: “ئەمڕۆ لەكاتی ڕاوی كەودا ڕاوچییەك لە ئاغجەلەر دەستگیر كراوە”.

عەمید هێمن كەمەرخان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، هەندێک لە هاووڵاتیان بێ گوێدانە بەرپرسیاریەتی و لە پێناو حەز و ئارەزووی تایبەتی خۆیان سەرقاڵی قڕکردنی ئاژەڵ و باڵندە کێویەکانن و بێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و دوور لە ڕێنماییەکان سەرقاڵی ڕاوکردنن.

ڕاشیگەیاند، لەپێناو پاراستنی باڵندە کێوییەکان مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاغجەلەر سەر بە بەشی چەمچەماڵ دەرچوون بۆ شاخی (مۆتلیجە) توانیان هاووڵاتیەک لەکاتی ڕاوکردندا دەستگیر بکەن و دەستیش بگرن بەسەر كەوێك و قەفەس و 5 دەستە داو، کە بۆ مەبەستی ڕاوکردن بەکاری هێنابوو .

ئاشكراشی كرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەكە ڕێکخرا و ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی .

عمید هێمن كەمەرخان داوا لە هاووڵاتیان دەكات، “لەپێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستاندا پێویستە هەمووان پابەندبن بەڕێنماییەکانی پۆلیسی دارستان”.