سەردێر

ڕەشەبا كۆتایی دێت و شەپۆلی باران بارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، ئەو با (ڕەشەبا) بەهێزەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە كۆتایی دێت و لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكە دەگرێتەوە.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لەئەمڕۆوە هەینی تا ڕێکەوتی 1ی ئازار ئاسمانی هەرێمی کوردستان زۆربەی کات هەتاوە و پلەکانی گەرماش لەو چەند ڕۆژەدا 3 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە.

ڕاشیگەیاند، سەبارەت بەو (با)یەی بەشێکی ناوچەکانی گرتۆتەوە درەنگانی شەو کۆتایی پێدێت و خێرایی باش بەگشتی لەنێوان 12 بۆ 14 کیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دەبێت.

وتیشی، “پێشبینی دەکرێت لەسەرەتای مانگی داهاتوودا شەپۆلێکی بارانبارینی لاواز بۆ مام ناوەند ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوه”.