سەردێر

ساسان عەونی: دوو پشتێنەی سەوز بە چواردەوری هەولێردا دروست دەكرێن

خەڵك-
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند، دوو پشتێنەی سەوزایی بۆ شاری هەولێر دیاری كراوە و هەر یەك لەو پشتێنە سەوزاییانەش ماستەرپلانی خۆی هەیە و بەگوێرەی ئەو ڕێكارەی دانراوە، جێبەجێ دەكرێن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، دوو پشتێنەی سەوزایی بۆ شاری هەولێر دیاری كراوە، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ شاری هەولێر نییە، بەڵكو هەموو شار و شارۆچكەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش بەگوێرەی ئەو ستراتیژییەی دامانناوە دەیانگرێتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگاكان ڕاسپێردراون، كە ماستەرپلانی تایبەتی بۆ دەستنیشانكردنی ئەو ڕووبەرە سەوزاییانەی، كە هەیە دابنێن.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەو ڕووبەرە سەوزاییانە لەگەڵ ئەو ستاندارەی، كە پێویستە هەر شار و شارۆچكەیەك هەیبێت بەراورد دەكرێت و دەگونجێنرێت.