خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لەمشەوەوە لە هەندێك ناوچەی هەرێم كاریگەری شەپۆلی باران بارین لاواز دەبێت و لە ڕۆژی یەك شەممەوە بەتەواوی كەشوهەوای هەرێم دەگۆڕێت و سەقامگیر دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بارانبارین بەردەوامی ئەبێت لەكاتەكانی كاتەكانی شەو بۆ بەرەبەیانی سبەینێ شەممە ٦ی٢ی٢٠٢١ و ئاستی بارانبارین زیاتر ئەبێت بەتایبەت چەقی زۆرترین دابارین لەناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی ئەبێت دواتر بەرێژەیەكی مامناوەند بۆ زۆریش لەناوچەكانی كەركوك و ھەڵەبجە و بەرێژەی كەم بۆ مامناوەند لەناوچەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان و ھەولێر بەشێوەی پچڕ پچڕ بەردەوامی ئەبێت.
ڕاشیگەیاند، لە سنوری پارێزگای دھۆك كاتەكانی ئێوارە و شەو كۆتابی بەم شەپۆلە دێت.
لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای زیادبوونی کاریگەری ئەم شەپۆلە لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی درێژدەبێتەوە بۆ سەر تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و ڕۆژی شەممە کاریگەرییەكەی بەردەوامی دەبێ و ئاستی باران مامناوەند دەبێت و هەندێ ناوچەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان لێزمە بارانی لێ دەبارێت.
ئاشكراشی كردووە، لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلە لووتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان بەفربارین دەبێت و پلەکانی گەرما بەنزیکەی (4-6 ) پلە نزم دەبێتەوە و ئەگەری هەورە تریشقەش هەیە لەکاتی باران بارین.
كەشناسی دەشڵێت: “ڕۆژی یەک شەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت لەسەر ناوچەکەمان”.