سەردێر

شەپۆلێكی لێزمە باران و بەفر هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-

بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، شەپۆلێکی باران و بەفر بارین ناوچەکانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە و تاوەكو ڕۆژی یەك شەممە بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی هەینی کاریگەری یەکگرتنی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور درێژدەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکەمان و سەرەتا بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی هەرێم و سنووری پاڕێزگای سلێمانی و سنووری پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان بارانی مامناوەند دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، دوای زیادبوونی کاریگەری ئەم شەپۆلە لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی درێژدەبێتەوە بۆ سەر تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و ڕۆژی شەممە کاریگەرییەكەی بەردەوامی دەبێ و ئاستی باران مامناوەند دەبێت و هەندێ ناوچەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان لێزمە بارانی لێ دەبارێت.

ئاشكراشی كردووە، لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلە لووتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان بەفربارین دەبێت و پلەکانی گەرما بەنزیکەی (4-6 ) پلە نزم دەبێتەوە و ئەگەری هەورە تریشقەش هەیە لەکاتی باران بارین.

كەشناسی دەشڵێت: “ڕۆژی یەک شەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت لەسەر ناوچەکەمان”.