سەردێر

كەشوهەوای هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا دێت

خەڵك-
سەرەڕای ئەوەی ماوەی دوو ڕۆژە شەپۆلێكی باران و بەفر بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، بەڵام شارەزایەكی كەشناسی ئاشكرای دەكات، كە لە ئێوارەی سبەینێوە كەشوهەوای هەرێم دەگۆڕێت و تا كۆتایی هەفتە سەقامگیر دەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاریگەری ئەم شەپۆلە بارانبارینە كۆتایی ھات و سوپاس بۆ خوا ھەر وەك پێشبینیمان كرد زۆرترین بڕی بارانبارین لەناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا تۆمار كرابوو.

ڕاشیگەیاند، پێشنیوەڕۆی سبەینێ یەك شەممە ٣١ /١ /٢٠٢١ شەپۆلێكی كورتخایەنی بارانبارین جارێكی دیكە ناوچەكانمان ئەگرێتەوە بەتایبەت لە سنوری ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای دھۆك و ھەولێر كاریگەری ئەبێت بەشێوەی بەفر و لەسەنتەری پارێزگاكان بارانبارینی مامناوەند ئەبێت.

وتیشی، “كاریگەری ئەم شەپۆلە بەلاوازی دەگاتە سنوری ئیدارەی ڕاپەرین و پارێزگای سلێمانی، بەڵام لەناوچەكانی دیكەدا كاریگەری نابێت تەنھا ئاسمان ھەوراوی ئەبێت”.

بەپێی پێشبینی ئەو شارەزایەی كەشناسی، “كاتەكانی دوای ئێوارەی ڕۆژی یەك شەممە كۆتایی بەم شەپۆلە دێت و تا كۆتایی ھەفتە ڕەوشی كەش و ھەوا بە سەقامگیری ئەمێنێتەوە “.