سەردێر

هۆكاری كەمبوونەوەی خۆڵبارین لە عێراق و هەرێم چییە؟

خەڵك-
ماوەی چەند ساڵێكە بەھۆی زۆربوونی ئاستی بارانبارین لەناوچەكانی عێراق شەپۆلەكانی خۆڵبارین بەرادەیەكی بەرچاو كەمبۆتەوە و شارەزایەكی كەشناسی هۆكارەكانی پشت كەمبوونەوەی ئەوە بابەتە ئاشكرادەكات.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ماوەی چەند ساڵێكە بەھۆی زۆربوونی ئاستی بارانبارین لەناوچەكانی عێراق شەپۆلەكانی خۆڵبارین بەرادەیەكی بەرچاو كەمبۆتەوە لەناوچەكەدا و لەكاتی ھەڵكردنی بای توندیش كەمتر تۆز و خۆڵ بەرزدەبێتەوە بۆ ھەوا، ئەمە بەراورد بە دەیان ساڵی رابردوو جیاواز بووە و یەكێكە لەگۆڕانكاریەكانی كەش و ھەوا لەناوچەكەدا و پێنانە نێو قۆناغێكی نوێ بووە.

ڕاشیگەیاند، لەگەڵ كەمبوونەوەی ئەم دیاردەیە لە وەرزی زستاندا جارەكانی بەفر بارین كەمتر بۆتەوە بەراورد بە ساڵانی پێش ئەم قۆناغە، كەچەند جارێك شەپۆلی بەفر بارین ناوچەكەی دەگرتەوە لە ئێستادا ئەوەش بەدی ناكرێت و وەرزی زستان تێكەڵەیەكە لەھەردوو وەرزی بەھار و پاییز لەھەندێك كاتدا.

وتیشی، “ئەمانە و چەندین گۆڕانكاری دیكە لەناوچەكەدا ڕەوشی كەش و ھەوایان بە جۆرێك جیاواز كردوە، كە ڕەنگە لەداھاتوودا دیاردە دەگمەنەكانی كەش لە ناوچەكەدا بگۆڕێت و ئاڵوگۆڕێكی جیھانی بەسەردا بێت لە ئەگەری نەچوونەوە نێو قۆناغی ڕابردوو و دووبارە نوێ بوونەوەیان”.

بە وتەی ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی، “ئەوانە و چەندین هۆكاری دیكە بوونە هۆی كەبوونەوەی ڕادەی خۆڵبارین، كە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەكەی زۆر بووە”.