خەڵك-
دوو بوومەلەرزە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی عیراق و سووریا دەهەژێنێت و هاووڵاتیانی ناوچەكەش هەستی پێ دەكەن، بەڵام هیچ زیانێكی لێ نەكەوتۆتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دوو بوومەلەرزە ناوچەكانی نێوان عیراق و سووریای هەژاندووە و هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای كوردستان لە حەسەكە هەستیان پێ كردووە.
ڕاشیگەیاند، كە بوومەلەرزەی یەكەم لە کاتژمێر ١:٠٢ خوولەكی نیوەڕۆ ڕوویدا بەگوڕی ٤.٤ پلەی ڕێختەر لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی عیراق و سووریا، كە دەکەوێتە نزیک حەسەکە لە ڕۆژئاوای كوردستان.
ئاشكراشی كرد، بووومەلەرزەی دووەم لە کاتژمێر ٢:٠٧ دوانیوەڕۆ ڕوویدا لە هەمان ناوچە بەگوڕی ٤.٩ پلەی ڕێختەر.
ئەو ناوچەیەكی بوومەلەرزەكان تێیدا ڕوویداوە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەكە و باشووری ڕۆژئاوای شاری موسڵ.