سەردێر

سەرما و ڕەشەبا كۆتایی دێت و پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، لە سبەینێوە شەپۆلی سەرما و ڕەشەبا لە ناوچەكانی هەرێم كۆتایی دێت و پلەكانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكەن و تا كۆتایی هەفتە بەردەوام دەبن.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجامی ھاتنی كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆیەك لە ئەوروپاوە لەئەمڕۆوە ھەینی ٢٢/١/٢٠٢١ ڕەوشی كەشوھەوای ھەرێم سەقامگیر ئەبێتەوە و ئاسمانی ناوچەكەش ئەگۆڕێت بۆ ساماڵ.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو با بەهێز و سارد و وشكەی لە ئاڕاستەی باكور و باكوری ڕۆژھەڵاتەوە بەخێرایی ١٥ تا ٢٥ كیلۆمەتر زیاتر لە كاتژمێرێكدا ناوچەكانی هەرێم و بەتایبەت ناوچە شاخاوییە سنورییەكانی گرتۆتەوە تاوەكو بەرەبەیانی سبەینێ‌ شەممە بەردەوامی ئەبێت.

دەشڵێت: “پلەكانی گەرما لەسەنتەری پارێزگاكانی ھەرێمدا لەشەوان و بەرەبەیاندا لە ئاستی سفر و ژێر سفری سیلیزیدا دەبن تا ڕۆژی یەك شەممە ٢٤/١، بەڵام دواتر پلەكانی گەرما ڕوو لەبەرزبوونەوە دەكنەوە بە تێكرای ٣-٦ پلەی سیلیزی.

جەختیشی كردۆتەوە، تاوەكو كۆتایی ھەفتە و ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨/١/٢٠٢١ كاریگەری ئەم ناوچە پەستان بەرزە بەلاوازی لەسەر ناوچەكانمان ئەمێنێتەوە و كەش سەقامگیر ئەبێت.