سەردێر

ئەمشەو و سبەینێ‌ لەناو دوو شاری هەرێم بەفر دەبارێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
ماوەی دوو ڕۆژە شەپۆلی دووەمی بەفر و باران ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و لە هەندێك ناوچە 50 سانتیمەتر و لە دەروازەی سەرزێڕی یەك مەتر بەفر باریوە و بەپێی پێشبینی شارەزایانی كەشناسی، ئەمشەو و سبەینێ‌ لەناو شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بەفر دەبارێت.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لەئێستا بەدواوە ئەگەرەکانی بارانبارین دەکرێتەوە بۆ گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە، لەشەودا بەفر لەناو شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە دەبارێت.

لای خۆشیەوە، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “لە كاتەكانی ئێوارەی ئەمڕۆ بەدواوە بەفر بارین بەشێكی زۆری سەنتەری قەزا و ناحیەكانی سنوورە شاخاوییەكان دەگرێتەوە، كە لەم قۆنەغەدا پێشبینی بەفر بارین ئەبێت لە بەرزی ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ مەتر زیاتر لە ئاستی ڕووی دەریا و لەم قۆناغەدا لەگەڵ دابارینی بەفر و باران، ھەورە تریشقەش بوونی ئەبێت و سات بۆ سات كاریگەری ئەو بارستە ھەوا ساردە زیاتر ئەبێت”.

وتیشی، “لە ئێوارە و كاتی شەودا بەفر بارین دەسپێدەكات لە سەنتەری ئەم ناوچانەدا (پێنجوێن – بەرزنجە – ماوەت – سیتەك – چوارتا – سلێمانی لەكاتی شەودا – عەربەت لەكاتی شەودا – بازیان لەكاتی شەودا – شارباژێر – رانیە لەكاتی شەودا – قەڵادزێ كاتی شەو- سۆران – رەواندز – خەلیفان . لەگەڵ ھەندێ ناوچەی دیكە، كە نزیكن لەم ناوچانە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتی بەیانی تا نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە ٢١/١/٢٠٢١ كاریگەری بەفر بارین بەلاوازی بەردەوام ئەبێت لەناوچەكانی سنوری ڕۆژھەڵاتی ھەرێم بەفر بارین نزم ئەبێتەوە بۆ ئاستی ٥٠٠ و ٦٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا و سەنتەری ناوچەكانی (ھەڵەبجە – ھەڵەبجەی تازە – قەرەداغ – سەنگاو و ھەندێ ناوچەی دیكەش) دەگرێتەوە بەشێوەی بەفر بارینی كەم و پچر پچر .

ڤیدیۆ؛ بەفر بارینی ئەمشەو لە سلێمانی