سەردێر

بارستە ھەوای گەرم هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

بەهۆی بەردەوامی كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆوە، بارستە ھەوای گەرمی بیابانی ڕۆژئاوای ئەفریقا ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و بەهۆیەوە پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، سبەینێ دوو شەممە ١١ی١ی٢٠٢١ لە ئەنجامی بەردەوامی بەرز پاڵەپەستۆوە ئاسمانی ناوچەکانی ھەرێم بە ساماڵی ئەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما بە ڕێژەی یەك پلەی سیلیزی زیاتر ڕوو لەبەرزبوونەوە دەکات و خێرای با ئاسایی ئەبێت.

ڕاشیگەیاند، ڕۆژانی سێ شەممە و چوار شەممە لە ئەنجامی کاریگەری بارستە ھەوای گەرمی بیابانی ڕۆژئاوای ئەفریقا، پلەکانی گەرما لەتەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی ٢-٤ پلەی سیلیزی بەرزتر دەبنەوە و لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەرێمدا پلەی گەرما دەگاتە ٢٠ تا ٢٥ پلەی سیلیزی و لەناوچە ھەرە نزمەکاندا وەک سنوری ئیدارەی گەرمیان بۆ زیاتر لە ٢٥ پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەكرد، ئەم بارستە ھەوایە لەناوچەکانی ھەرێمدا نابێتە ھۆی زیادبوونی خێرایی با و خۆڵبارین، بەڵكو تەنھا كاریگەری بۆ سەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێت بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر.

ئاراس جەبار پێشبینی ئەوەش دەكات، “لە ڕۆژی پێنج شەممەوە ١٤-١-٢٠٢١ کاریگەری ئەو شەپۆلە گەرمایە نامێنێت و پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە”.