سەردێر

خێزانی “شەیتان”، مووشەکەکانی ڕووسیا جیهان تووشی دڵەڕاوكێ دەکەن

خەڵک

لە ڕووسیا بە “قیامەت” ناوی دەبەن، ڕۆژئاواش بە “شەیتان”، ئەم دوو ناوە بۆ یەک مووشەکن کە ناوی تەواوی “سارمات”ە، مۆسکۆ لەم دواییانەدا ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی نوێ ڕاگەیاند و بە دیارترین مووشەکی ئەتۆمی بەهێزی مەودا دووریش لە جیهاندا وەسفی دەکات، کە ئامادەکاریی بۆ خستنە بواری خزمەتکردنی دەکات لە کۆتایی ئەمساڵدا.

 

“سارمات” بەتەنها نییە، خانەوادەکەی مووشەکەکانی وەک “کینگال”، “زیرکۆن” و “ئەڤانگارد” یشی تێدا بوونی هەیە، کە ڕووسیا لە بەرامبەر ڕۆژئاوا و دوژمنەکانیدا وەک نیشانەی هێز دەیانهێنێتە بەرباس و دەیانخاتەڕوو.

 

سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری ڕووسیا، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند؛ وەزارەتەکەی دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی مووشەکی هایپەرسۆنیکی “زیرکۆن” بە ڕێژەیەکی زۆر، هاوکات گرێبەستێکی بە بەهای نزیکەی نیو تریلیۆن ڕۆبڵ لە کۆڕبەندی سوپا 2022 واژۆکردووە و بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی “کینگال”.

 

شرۆڤەکاری سەربازی و ستراتیجی، “ئەعیاد تۆفان” لەمبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات، مووشەکە ترسناکەکانی ڕووسیا یەکێکن لەو هۆکارانەی کە ڕێگری دەکەن لە بیانووەکانی ڕۆژئاوا لەسەر مۆسکۆ، سامناکی جۆرەکانیشیان وا دەکەن جەنگی جیهانی سێیەم لەسەر دەستیان هەڵگیرسێت.

 

تۆفان، کە فەریقێکی پێشووی سوپای عێراقە، ئاماژەی بەوەکرد، مووشەکی کینگالی هایپەرسۆنیکی ڕووسی دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا ئاشکرا بوو، وایکرد ‘سی ئای ئەی’ هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی بزانێت وردەکاری و تایبەتمەندییەکانی چیین، بۆیە لەئەگەری بەکارهێنانیدا لە شەڕی ئۆکراین دەرفەتێکی گونجاو بۆ ئەمریکا لەسەر نهێنییەکانی ئەم مووشەکە دێتە ئارا.

 

دیارترین مووشەکە مەترسیدارەکانی ڕووسیا کامانەن کە لە چەند مانگی ڕابردووی شەڕدا ناوەکانیان بڵاوکراونەتەوە، ئایا بەڕاستی ئەم مووشەکانە ترس دەخەنە نێو دڵی دوژمنەکانی مۆسکۆ؟

 

سارمات

مووشەکێکی بالیستیکی کیشوەر بڕە، مۆسکۆ دەڵێت ئەوەندە بەهێزە، دەتوانێت زۆربەی شانشینی یەکگرتوو یان فەرەنسا لەسەر نەخشە بسڕێتەوە و ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیاش لە 21ی حوزەیرانی 2022 ڕایگەیاند؛ لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەم مووشەکە دەچێتە خزمەتەوە.

 

مووشەکی “سارمات” لە ساڵی 2011 مۆڵەتی دەسەڵاتی سەربازیی بەدەستهێناوە، لەنێو چەکەکانی هێزی مووشەکی ستراتیژی ڕووسیادا پۆلێنکرا، و بووە جێگرەوەی مووشەکی “ڤۆڤۆدا” .

 

کێشی مووشەکەکە نزیکەی 100 تەنە، توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیی بە کێشی 10 تەن هەیە، بەم بارە ئەتۆمییە دەتوانێت ببێتە هۆی تەقینەوەیەک کە 2000 هێندەی ئەو بۆمبە ئەتۆمییە بەهێزتر بێت کە لە ساڵی 1945 بەسەر شارەکانی هیرۆشیما و ناکازاکی ژاپۆن دا درا.

 

“سارمات 2” – کە ڕووسەکان بە “پادشای موشەکەکان” و “قیامەت”یش ناوی دەبەن، بە سووتەمەنی شل کاردەکات، لە سەکۆکانی ژێر زەوی شاراوەتەوە کۆگای وزەکەی توانا بە موشەکەکە دەدات بەسەر جەمسەری باکوور و باشووردا بفڕێت .

 

ئاژانسی هەواڵی ڕووسی “سپۆتنیک” ڕایگەیاندووە؛ مووشەکەکە تەکنەلۆژیایەکی نوێی لە جۆری خۆی هەیە کە جیاوازە لە هەموو سیستمێکی بەرگری مووشەکی، یەکێک لە باشییەکانی “سارمات” ئەوەیە کە کێشی تاڕادەیەک سووکە، و فڕینەکەی مەودای دەگاتە زیاتر لە ١١ هەزار کیلۆمەتر.

 

“سارمات 2”  دەتوانرێت لە نێوان 7 بۆ 10 کڵاوەی ئەتۆمی لەخۆی تەیار بکات، توانای مانۆڕکردنی هەیە لە هەوادا و دەتوانێت بە خێرایی دەنگ و سەروو دەنگیش بفڕێت.

 

“سارمات 2” بە توانای گۆڕینی بەرزی و ئاراستە و خێرایی جیاوازە، هەروەها ئاستێکی بەرزی پاراستنی چالاکانەی هەیە لە شێوەی سیستمی دژە مووشەک و بەرگری ئاسمانی.

 

کینگال

ڕووسیا لەم دواییانەدا ڕایگەیاند؛ مووشەکی “کینگال”ی سەروو دەنگی بەکارهێناوە  کە ناوەکەی بە زمانی ڕووسی بە واتای “خەنجەر” دێت، بۆ یەکەمجار لە شەڕەکەیدا لەگەڵ ئۆکراین و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا 3 جار ئەم مووشەکەی بەکار هێناوە.

 

وەزیری بەرگری ڕوسیا ئاماژەی بەوەداوە؛ مووشەکەکانی کینگال تایبەتمەندییەکیان هەیە، هیچ مووشەکێکی لەم جۆرە لە جیهاندا هاوتای نییە لەڕووی گۆڕانکاری لە ڕێڕەوی خۆیدا لەسەر ئاستی ڕاست و ئاسۆیی و خێرایی و ئاراستەوە بۆ ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت.

 

ڕوونیشیکردەوە؛ ئەم مووشەکە ناتوانێت ڕێگری لێ بکرێت، مۆسکۆ بەکاری دەهێنێت بۆ لێدانی ئامانجە زۆر گرنگەکان.

 

دەتوانرێت کڵاوەی چەکی ئاسایی یان ئەتۆمی بۆ کینگال دابینبکرێت، کێشی کڵاوە جەنگییەکەی نزیکەی 500 کیلۆگرامە، بە شێوەیەک دروستکراوە کە لە فڕۆکە جەنگییەکانی وەک “Mig-31” و “22 Tu “و کەشتی و ژێردەریاییەکانەوە هەڵبدرێت.

 

مووشەکەکانی “کینگال” بۆ لەناوبردنی کەشتییە جەنگییە گەورەکان و فڕۆکە هەڵگرەکان دروستکراون، دەتوانن بە تەواوی یان بەشێکیان لەناوببەن.

 

مووشەکەکە توانایەکی بەرزی هەیە بۆ پێکانی ئامانجەکان بە وردییەکی ئەوپەڕی هاوشێوەی قەناس بەدەستێک.

 

مووشەکهەڵگرەکانی”کینگال” بە خێرایی نزیکەی 5 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا توانای ڕێکردنیان هەیە، کە زیاتر لە 4 هێندەی خێرایی دەنگە.

 

خێرایی مووشەکەکەش دەتوانێت بگاتە 14800 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و مەودای دەگاتە 3000 کیلۆمەتر.

 

مووشەکەکە ڕێڕەوێکی زیگزاگ پەیڕەو دەکات، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات بچێتە ناو تۆڕە تایبەتمەندەکانەوە، توانای گۆڕینی ئاراستەکەشی لە کاتی فڕیندا، وا دەکات خۆی لە بەرگریی مووشەکی دوژمن بەدوور بگرێت، هەروەها توانای لەناوبردنی ئامانجەکانی هەیە لە دووری دوو هەزار کیلۆمەتر.

زیرکۆن

سوپای ڕووسیا لە کۆتایی مانگی ئازاری ڕابردوودا ڕایگەیاند؛ بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەیەکی نوێی مووشەکێکی هایپەرسۆنیکی ئەنجامداوە، لە نێو ئەو چەکانەی کە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا بە “نەبەز” وەسفی کردوون.

 

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند؛ زیرکۆن دەتوانێت بە خێرایی 9 هێندەی خێرایی دەنگ بجوڵێ و پێشتریش ڕووسیا لە ساڵی ڕابردوودا تاقیکردنەوەی بۆ هەڵدانی مووشەکی زیرکۆن لە کەشتییە جەنگییەکان و ژێردەریاییەکانەوە ئەنجامداوە.

 

پۆتین لە وتارێکیدا کە مانگی ڕابردوو لە سانت پترسبۆرگ پێشکەشیکرد، بە بۆنەی ڕۆژی هێزی دەریایی ڕووسیا، وتی؛ مووشەکەکانی زیرکۆن لە ماوەی چەند مانگێکدا دەچنە ناو کەشتی دەریایی ڕووسیا، هەروەها ناوچەکانی جێگیرکردنیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا دەبێت، بەبێ ئەوەی دیارییان بکات.

 

سەرچاوە: ئەلجەزیرە + میدیاکانی ڕووسیا