سەردێر

ئەو گەنجەی بە خوێندنی قورئانی پیرۆز دەستپێکی جامی جیهانی کردەوە، کێ یە؟

خەڵک

 

غانم موفتاح، گەنجێکی قەتەرییە، وەک باڵیۆزی مۆندیالی 2022 لەلایەن وڵاتەکەیەوە دیارکراوە، ئەو خاوەن پێداویستی تایبەتەو زگماک بە نیو جەستە لەدایک بووە.

 

غانم، بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز مەراسیمی کردنەوەی مۆندیالی 2022 ڕازاندەوە، دواتر شانبەشانی ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکای مۆرگان فریمان لە گۆڕەپانی یاریگای ئەلبەیت دەرکەوت.

 

لە شەش مانگی ڕابردوودا ناوی غانم وەک یەکێک لە ناوە ئیلهامبەخش و کاریگەرەکانی قەتەر و جیهان سەریهەڵدا، سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی نیو جەستەیە.

 

غانم لە 5ی ئایاری 2002 لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەدایک بووە .

غانم ناڕێکی دروستبوونی بڕبڕەی پشتی هەیە، نەخۆشییەکی زگماکی دەگمەنە کە کاتێک ڕوودەدات کە بەشی خوارەوەی بڕبڕەی پشت پێش لەدایکبوون بە تەواوی دروست نەبێت.

 

ئەم هۆکارە لە کۆی 25 هەزار حاڵەت لە جیهاندا یەک کەس دەگرێتەوە و بەو پێیەش غانم ئەلموفتاحی قەتەری تائێستای ژیانی بە نیو جەستەی ژیاوە دوای لەدەستدانی بەشێکی زۆری ئێسکەکانی، بەهۆی شێوە و نەخۆشییە زگماکەکەی .

 

ناوبراو، بەبێ ئەندامەکانی خوارەوەی جەستەی درێژە بە ژیانی خۆی دەدا بە بەکارهێنانی دەستەکانی و لەسەر کورسی رێدەکات، ئەو خوێندوویەتی و فێربووە و کۆششی کردووە، تا بووە بە یەکێک لە کەسە چالاکەکانی کۆمەڵگەی قەتەری و جیهان.

غانم لە یەکێک لە تۆمارە ڤیدیۆییەکانیدا دەڵێت: هەر لە گەنجییەوە فێربووم لەگەڵ خۆم و لەگەڵ دەرکەوتنم و ئەو شتانەی کە ناتوانم بیانگۆڕم، بەتایبەت لەگەڵ جەستەم ئاشت بوومەوە، ئەم دۆخە جەستەییەم نەکردە بیانوو بۆ ئەوەی هیچ نەکەم، بەڵکو ئەمە بووە ئیلهامبەخشی سەرکەوتنەکانم.

 

دەشڵێت: بە فەزڵی خودا گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی کە خودا – شکۆمەندی پێداوم – بە باشترین شێوە دروستی کردووم، لە ئازارەکانم بە ئارامگری و ستایش و پاڕانەوە چاک بوومەتەوە، من جەستەی خۆمم قبوڵکردووە و سوپاسی خوای گەورە دەکەم”.

 

لە یەکەم ڕۆژەکانی مانگی نیسانی 2022، لیژنەی باڵای جامی جیهانی قەتەر دەستنیشانکردنی غانم موفتاحی وەک باڵیۆزی فەرمی بۆ پاڵەوانێتییەکە ڕاگەیاند، کە بۆ یەکەمجارە لە جیهانی عەرەبیدا بەڕێوە دەچێت.

 

غانم موفتاح دڵخۆشی و شانازی خۆی بەم هەڵبژاردنە نەشاردەوە، بە بڵاوکردنەوەی تویتێکی کورت لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تویتەر”، کە نوسیبووی؛ شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە وەک باڵیۆزی فەرمی بۆ مۆندیالی 2022 هەڵبژێردراوم،  بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەم کە خۆشی و هاندانەکانم لەگەڵ ئێوەدا بەشی بکە”.

 

هەر لەو ڕۆژەدا ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە تیایدا لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) دەرکەوت

 

 

غانم، یەکێکە لە کەسایەتییە هاندەرەکان کە کەسانی هاوتەمەنی خۆی و خاوەنپیداویستی تایبەت هەڵدەنێ بۆ بەرەنگار بوونەوەی سەختییەکانی ژیان و چەندین کتێبیشی نووسیوە، یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی بەناوی “غانم هەمیشە براوەیە” لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کاروباری خێزان لە قەتەر سپۆنسەر کراوە.

 

بەهۆی نوسین و بۆچوونە کاریگەرەکانی غانمی تەمەن 20 ساڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئینستاگرام” ژمارەی فانەکانی سێ ملیۆنی تێپەڕاندووە.