سەردێر

بەریتانیا باس لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی دەكات

هۆشداریی دەداتە ڕوسیا

خەڵك-
جەیمس كلێڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا ڕایدەگەیەنێت، هەڵە ستراتیژییەكانی ڤلادیمیر پوتینسەرۆكی ڕوسیا دەبێت ڕابگیرێن و بەكارهێنانی هەر چەكێكی ئەتۆمیش كاردانەوەی دەبێت.

سەبارەت بە وەڵامی بەریتانیا لەبەرامبەر بەكارهێنانی چەكی ئەتۆی تاكتیكی لەلایەن ڕوسیاوە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند”ناتوانێت بچێتە وردەكارییەكانەوە، بەڵام وەڵامدانەوەیەك دەبێت و بەشێوەیەك دەبێت كە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن هەر وڵاتێكی جیهانەوە، بەبێ وەڵامدانەوە تێپەڕ نابێت”، ڕەتیشكردەوە باس لە سروشتی وەڵامدانەوەكە بكات.

پێشتر ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی ڕوسیا فەرمانی كۆكردنەوەی سەرباز كرد و هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمیشی كرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دمیتری پێسكۆڤ وتەبێژی كرملین ڕایگەیاند،مۆسكۆ نایەوێت بەشدار بێت لەو لێدوانانەدا كە باس لە چەكی ئەتۆمی دەكەن و لەلایەن ڕۆژئاواوە بڵاوكراونەتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویكردەوە كە هاوپەیمانی ناتۆ ئەندامەكانی ئاگاداركردۆتەوە لەسەر ئەوەی پوتین ڕەنگە چەكێكی ئەتۆمی لە سەر سنوری ئۆكراینا تاقی بكاتەوە.

لەو بارەیەوە كلێڤەرلی ڕایگەیاند كە هەڵە ستراتیژییەكانی پوتین زیانی بە ڕوسیا گەیاندووە و وڵاتەكەی لەسەر ئاستی جیهان تووشی دابڕان كردووە.