سەردێر

بەرژەوەندییەکانی ریاز و واشنتۆن… لە نەوتەوە بۆ چەک و پارە و پاراستن

خەڵک

لە بنیاتنانی دەوڵەتی عەرەبستانی سعودییەوە تا ئێستا ئەم وڵاتە لەسەربنەمای ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکای گەورە زلهێز و خاوەن ئابوری جیهان بنیاتناوە، ئەم بەبنەما گرتنەی بەرژەوەندییەکانی عەرەبستانی سعودی نەوت و چەک و بواری دارایی تیایدا ڕەنگدانەوەی هەبووە لەبەرامبەر بەدەمەوە هاتن و پاراستنی لە گەورە زلهێزەکان و هەڕەشەکانی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە هەندێ جار ساردی تێکەوتووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی دەستبەرداربوون و زۆر جار ئەمریکای گەورە بەرەوپیری ئەم وڵاتە هاتووە و جۆشی داوەتەوە بە پەیوەندییەکان.

ئەمانە چەند ویستگەیەکن لە دێرینی پەیوەندییەکان و هەڵکشان و داکشانی پەیوەندییەکانی سعودییە لە دروستبوونەوە تا کۆتا سەردانی بایدن.

1931: دانپێدانانی ئەمریکا بە وڵاتێکی تازە لەدایک بوو

لەساڵی 1931دا ئەمەریکا دان بە شانشینی حیجاز و نەجددا دەنێت کە ساڵی دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ سعودیە.

لەبەرامبەردا، دوای دوو ساڵ، شانشین ئیمتیازاتی گەڕان بەدوای نەوتدا بە کۆمپانیای (ستاندارد ئۆیل) لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەبەخشێت، لقی سعودییەی ئەم کۆمپانیا ئەمریکاییە کە دواتر ناوی گۆڕدرا بۆ (ئارامکۆ)، یەکەم دۆزینەوەی خۆی لە ساڵی 1938 ئەنجامدا، ساڵی 1980 سعودیە کڕینی لەسەدا سەدی پشکەکانی کۆمپانیاکەی ڕاگەیاندو مۆرکە ئەمریکاییەکەی ئەم کۆمپانیا نەوتییەی کردە مۆرکێکی عەرەبی.

1945: کۆبوونەوە لە کەناڵی سوێس

سەرۆکی ئەمریکا (فرانکلین دی ڕۆزڤێڵت)، لە کەشتیی یو ئێس ئێس کوینس لە کەناڵی سوێس لەگەڵ شا عەبدولعەزیز کۆدەبێتەوە و کۆبوونەوەیان ڕێگە خۆش دەکات بۆ پەیوەندییەکی دەیان ساڵە.

1950 – 1951 لە نەوتەوە بۆ چەک

سعودیە دانوستانی لەسەر ئیمتیازاتی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ کرد، تا پشکی زیاتری هەبێت، دوای ساڵێک لەم دانوستانە شانشینی یەکگرتووی سعودیەی عەرەبی ڕێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کرد، ئەمەش ڕێگەی بۆ فرۆشتنی بەرفراوانی چەکی ئەمریکا کردەوە بەو وڵاتە.

1973: قەدەغەی بەرهەمهێنانی نەوت

بەهۆی پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بەرامبەر جەنگ لەگەڵ میسر و سووریا لە ساڵی 1973، بڕیارێکی عەرەبستانی سعودییە نرخی نەوتی نزیک بە چوار هێندە زیادکرد، سعودیە قەدەغەی خستە سەر بەرهەمهێنانی نەوت، تا قەدەغەکردنەکە لە ساڵی 1974 هەڵگیرا.

1979: پارەدارکردنی شەرکەرە ئەفغانییەکان

بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و پاکستان، سعودیە یارمەتی دابینی بودجەی بەرخۆدانی ئەفغانستانی دا لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی ئەوکاتی سۆڤیەت، هاوکات چەندین سعودی بەشداری جەنگیان دژی سۆڤیەت کرد کە بە (عەرەب ئەفغان) ناسرابوون، لەلایەکی دیکە کەسێکی وەک ئوسامە بن لادنی سعودی لەوانە بوو، کە بە کۆمەکی گیانی و ماڵی تا کۆتایی ژیانی پاڵپشتی ئەم هەوڵەی کرد.

1990: داگیرکردنی کوەیت

دوای ئەوەی رژێمی سەدام حسێن، سەرۆک کۆماری لەسێدارەدراوی پێشووی عێراق هێرشی کردە سەر کوەیت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا عەرەبستانی سعودییەی وەک سەکۆیەک بەکارهێنا بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی و دەرکردنی هێزەکانی عێراق لە کوەیت، دوای هێرشەکان و دەرکردنی سوپای عێراق لە کوەیت زۆرێک لە هێزەکانی ئەمریکا لەو خاکە عەرەبییەدا مانەوە.

1996: بۆردومانی خوبار

بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو لە ئۆردوگایەکی سەربازی ئەمەریکا لەناوچەی خوبار تەقیەوە و بەهۆیەوە 19 سەربازی ئەمریکایی گیانیان لەدەستدا، ئوسامە بن لادن ڕێبەری ئەوکاتی ئەلقاعیدە بەرپرسیارێتی ئەو تەقینەوەیەی لەئەستۆ گرت و لە دژی ئەمریکییەکان “جیهاد”ی ڕاگەیاند، هێزەکانی ئەمریکاشی بە هێزی داگیرکەر لە سعودیە وەسف کرد.

2001: هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی سێبتەمبەر

لە هێرشەکانی11ی سێبتەمبەردا، کە لەلایەن ئەلقاعیدەوە ئەنجامدران، نزیکەی سێ هەزار کەس کوژران، لە کۆی 19 ڕفێنەری فڕۆکەکان 15 کەسیان سعودی بوون.

لەو دەمەدا سعودیە رەتیکردووەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە هەبێت و حکومەتی ئەمریکاش هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیەوە کە سعودییە ڕاستەوخۆ پارەی بە قاعیدە دابێت، بابەتەکە بە کراوەیی هێڵدرایەوە تا یەکلایی بوونەوەی راستییەکان کە ئایا بەرپرسانی سعودیە ئەو کارەیان کردووە یان نا، بەڵام لە ساڵی 2004دا ئیدارەی ئەو کاتی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ بەرپرسانی سعودییە پەیوەندییان بەو ڕووداوانە نەبووە.

2003: ئازادکردنی عێراق

سعودیە بەشداری لە لەشکرکێشیی ئەمریکا بۆ سەر عێراق نەکرد، لەو ساڵەدا ئەمریکا هەموو ئەو هێزە شەڕکەرانەی کە مابوونەوە لە وڵاتەکە کشاندەوە.

هەر لەو ساڵەدا سێ خۆکوژ لە شاری ریاز خۆیان تەقاندەوە، لانیکەم 35 کەسیان کوشت کە 9 کەسیان ئەمریکایی بوون.

2011: بەهاری عەرەبی

جیهانی عەرەبی بەهۆی ئەو ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییانەی کە ناوی “بەهاری عەرەبی”یان لێنرا، هەژا، سعودیە هەر زوو نیگەرانی خۆی دەربڕی لەو سەرهەڵدانانە و گۆڕینی رژێمە عەرەبییەکان و هۆشداریشی دایە ئیدارەی ئەوکاتی باراک ئۆباما لەمبارەیەوە.

2013: دڵەڕاوکێ و سکاڵا

ئەندامانی بنەماڵەی شاهانەی سعودییە بە ئاشکرا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە سیاسەتەکانی هاوپەیمانە ئەمریکاییەکەیان ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئیدارەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هەوڵیدا شێوازی سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئێران بگۆڕێت.

2015: بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران

دوای ئەوەی زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ ئێران گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ سووککردنی سزاکانی سەر تاران لە بەرامبەر بەرتەسک کردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ڕیاز ترسی خۆی ڕاگەیاند، کە ئەم ڕێککەوتنە ڕکابەری و هەژموونی ئێران لەناوچەکە بەهێزتر دەکات.

لەو ساڵەدا سعودییە دوای ئەوەی بە تەنها چەند کاتژمێرێک پێشتر واشنتۆنی ئاگادار کردبووە وە، لە یەمەن هەڵمەتێکی سەربازیی لە دژی حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران دەستپێکرد و ئەمریکاش پشتیوانی سەربازی داواکراوی پێشکەشکرد.

2016: ڤیتۆی کۆنگرێس

کۆنگرێس ڤیتۆی ئۆبامای بۆ یاسایەک هەڵوەشاندەوە کە پارێزبەندی هەڵدەگرێت و ڕێگەی بۆ کەسوکاری قوربانیانی 11ی سێبتەمبەر دەکردەوە تا سکاڵا لەسەر سعودیە تۆمار بکەن بەرامبەر ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس.

2018: کشانەوەی واشنتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی

سعوودیە پێشوازی لە بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کرد بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.

هاوکات مانگی تشرینی دووەمی ئەو ساڵە، ئەمریکا کوژرانی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعوودیی لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ شەرمەزار کرد.

2019: ڕۆڵی محەمەد بن سەلمان

پەرلەمانتارانی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە بەڵگەی ڕۆڵی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە دۆسیەی خاشقچی و دەربڕینی نیگەرانی قوڵ لە قوربانیانی مەدەنی هێرشە ئاسمانییەکانی سعودیە بۆ سەر یەمەن، هەوڵەکانیان بۆ پێشگرتن لە فرۆشتنی چەک بە ڕیاز زیاتر کرد.

ریاز ڕەتیکردەوە شازادە محەمەد بن سەلمان هیچ رۆڵێکی هەبووبێت لە دۆسیەی کوشتنی خاشقچی دا.

2020: پشتگیری لە ڕێککەوتنەکانی (ئەبراهام)

عەرەبستانی سعودیە پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکانی ناسراو بە (ئەبراهام) ڕاگەیاند، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هاوپەیمانەکانی، ئیمارات و بەحرەین، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە، بەڵام ڕیاز پاڵپشتییەکەی نەگەیاندە ئاستی داننان بە ئیسرائیل دا.

2021: تۆمارەکانی مافی مرۆڤ

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەڵوێستێکی توندی گرتەبەر سەبارەت بە تۆماری مافی مرۆڤ لە سعودییە.

بایدن لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سوێندی خوارد کە تۆڵەی خاشقچی لە ریاز بکاتەوە، هەر ئەو کاتە بایدن وەستاندنی پشتیوانی هاوکارییەکانی ئه‌مریکای بۆ ئۆپه‌راسیۆنه سەربازییەکانی سعودییە له‌ یه‌مه‌ن ڕاگەیاند و بڕیاریدا؛ چەک بە سعودییە نەفرۆشێت.

2022: “ڕێبەرایەتییەکی بوێر”

بایدن لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا رایگەیاندبوو، شانشینی سعودییە “ڕێبەرایەتییەکی بوێرانە”ی نیشانداوە بە پشتیوانیکردن لە درێژکردنەوەی ئاگربەستێک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی دەکرێت لە یەمەن. هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی شەڕی ئۆکراین، کۆشکی سپی پێشوازی لە بڕیاری وڵاتانی ئۆپیک + کرد بۆ زیادکردنی دابینکردنی نەوت.

 

سەرچاوە-DW