سەردێر

مۆسکۆ، لە دوورگەیەک پاشەکشە دەکات و کیێڤیش ئاهەنگی “ڕزگارکردن” دەگێڕێت

خەڵک

هێزەکانی ئۆکراین “ئازادکردنەوەی ناوچەیەکی ستراتیژی”یان لە دەریای ڕەش، ڕاگەیەند و بەرپرسانی سوپای ڕووسیاش دەڵێن؛ دوای ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە وەک نیازپاکییەک بۆ کردنەوەی ڕێگە بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە دوورگەکەیان بەجێهیشتووە”.

 

ڤالێری زالوژنی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین لە تێلیگرامی تایبەت بەخۆی رایگەیاند: سوپاسی بەرگریکارانی ناوچەی ئۆدێسا دەکەم کە هەموو هەوڵێکیان خستەگەڕ بۆ رزگارکردنی ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژی وەک دوورگەی “مار”.

 

فەرماندەیی سەربازی باشووری ئۆکراین نووسیویەتی: “دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو بەبەشداری یەکەکانی مووشەک و تۆپخانە، هێزەکانی ڕووسیا پێگەکانیان لە دوورگەکە چۆڵکرد و بە دوو بەلەم خۆیان دەربازکردووە”.

 

لە لایەکی دیکە ئەمڕۆ سوپای ڕووسیا کشانەوەی لە دوورگەی ستراتیجی “مار”ی ئۆکراین لە دەریای ڕەش ڕاگەیاند کە لەلایەن مۆسکۆوە کۆنترۆڵکرابوو.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم پاشەکشەیەیان ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە لە ئۆکراین دەکات .

بەرگریی ڕووسیا ئەوەشیخستووەتەڕوو “لە ٣٠ی حوزەیران وەک ئاماژەیەکی نیازپاکی، هێزەکانی ڕووسیا لە دوورگەی “مار” ئامانجە تایبەتەکانیان بەدیهێنا و کەتیبەی خۆیان لێی کشاندەوە”.

 

بەڵام ئاندرێ یەرماك، بەرپرسی نوسینگەی سەرۆكی ئۆكراینا رایگەیاند، هێزە چەكدارەكانیان هێزەكانی ڕووسیایان لە دوورگەكە “دەركردووە”، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو قسەیەی مۆسكۆ كە دەڵێن نیەتپاكی پاڵنەری كشانەوەكەیان بووە هەڵەیە.

یەرماک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی “هیچ هێزێکی رووسیا لە دوورگەی “مار” نەماوە، هێزە چەکدارەکانمان کاری گەورەیان کردووە”.

 

زیاتر لە چوار مانگ لەمەوبەر دوورگەکە لەلایەن هێزەکانی ڕوسیاوە داگیرکرابوو، لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا بەردەوام بۆردومانی ئۆکراینی لە ناوجەکەدا بوونی هەبووە و هێزەکانی ئۆکراین چەندین جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردووەتە سەر.

 

ئەو دوورگەیە کە لە یەکەم ڕۆژی لەشکرکێشیەکەدا ڕووسیا دەستی بەسەردا گرت، پاسەوانانی سنووری ئۆکراین کە لەوێ جێگیر بوون، داوایەکی کەشتییەکی جەنگی ڕووسیایان ڕەتکردەوە بۆ ئەوەی خۆیان ڕادەست بکەن.

 

لە لایەکی دیکەوە، ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، دەرگاکانی مۆسکۆ ئاواڵایە بۆ دیالۆگ سەبارەت بە سەقامگیری ستراتیژی و نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی.

پۆتین دەڵێت مۆسکۆ هێرشی کردۆتە سەر ئۆکراین بۆ پاراستنی نەتەوەی ڕووس و ڕووسی زمانەکانی ناوچەی دۆنباس.

ئەو  دووبارە ئۆکراینی بە “تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی” تۆمەتبار کرد.

 

سه‌رۆک کۆماری ڕووسیا، دووپاتی کرده‌وه‌. که‌ ئه‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی به‌ “ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازی تایبه‌ت” له‌ ئۆکراین وه‌سفی ده‌کات به‌پێی پلان ده‌ڕوات.

 

ئۆکراین و رۆژئاوا دەڵێن لەشکرکێشییەکەی رووسیا کردەوەیەکی ناڕەوای دەستدرێژیکردنە بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی خاکی ئۆکراین و رووخاندنی دەسەڵاتەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین.