سەردێر

ڕوسیا هۆشداریی دەداتە سوید و فنلەندا

خەڵك-
لیۆنید سلۆتسكی سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕوسیا (دۆما)، هۆشداریی دەدات لە خراپی ئاكامی چوونەناوەوەی هەریەك لە سوید و فنلەندا بۆ نێو هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ).

سلۆتسكی لە نامەیەكی هەڕەشەئامێزدا هۆشداریدا لە “وازهێنان لە بێلایەنی وهەوڵدان بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی كە لەلایەن سوید و فنلەنداوە بەپێی خواستی خۆیان گیراوەتەبەر، بەڵام دەبێت ئەو دوو وڵاتە ئاكامی خراپی ئەو بڕیارەیان پشتگوێ‌ نەخەن كە كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ڕوسیا و ئاسایشی ئەوروپایی دەبێت”.

بە وتەی سلۆتسكی”ئاسایشی ئەوروپا لەو دەمەی ناتۆ پەل بەرەو خۆرهەڵات دەهاوێت بەئاراستەی ڕوسیا، لە داڕمانی بەردەوامدایە”.

لەبارەی ڕازایبوونی توركیاش بۆ پشتیوانی لە سوید و فنلەندا بۆ چوونە نێو ناتۆ، سلۆتسكی ڕایگەیاند”سەبارەت بەو دڵنیابوونەی درایە توركیا بۆ ڕێگرینەكردنی لە هاتنەناوەوەی سوید و فنلەندا بۆ نێو ناتۆ، میخائیل گۆرباچۆڤ سەرۆكی سۆڤیەتیش لەكاتی خۆیدا دڵنیایی پێدرا كە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی فراوان نەبێت، بەڵام لە بەڵێنەكان پاشگەزبوونەوە”.